نەتەنیاهوو: گوشارەکانمان بۆ سەر حەماس زیاد دەکەین

21-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا، "گوشاری سەربازی" لەسەر حەماس زیاد دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 21ی نیسانی 2024، نەتەنیاهوو بە بۆنەی جەژنی "پەڕینەوە"ی جووەکان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا، گوشاری سەربازی و سیاسیی لەسەر حەماس زیاد دەکەین، چونکە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان،" هەڕەشەشی کرد کە "گوزری زیاتر و بەئازارتر" دەوەشێنن. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هەموو پێشنیازەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە رەتکراونەتەوە. حەماس لەبری ئەوەی لە هەڵوێستە تووندئاژۆکانی پاشەکشە بکات، هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان ئێمە دەدات، سوود لەو گوشارانە وەردەگرێت کە لەسەر حکومەتی ئیسرائیلن". 
 
ئەمە وەکو ئاماژە کردن بەو گوشارە ناوخۆییانەی لەسەر حکومەتەکەین بۆ ئاگربەست و رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. 
 
وێڕای ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکان، نەتەنیاهوو سوورە لەسەر هێرشی بەرفراوانی سەربازی بۆ سەر رەفەح لە باشووری غەززە، کە 1.5 ملیۆن فەلەستینیی تێیدا کۆبوونەتەوە. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە، بەهۆی رەفتارەکانی حەماسەوە بۆ رێککەوتن "هێرش و بۆردوومانی زیاتر دەکەینە سەریان [حەماس] و ئەمە زوو روودەدات. لە چەند رۆژی داهاتوودا، گوشارە سەربازی و سیاسییەکانمان بۆ سەر حەماس زیاد دەکەین چونکە ئەمە تاکە رێگەی سەرکەوتن و ئازادکردنی بارمتەکانە." 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەشێک لەو بارمتانەی کە 7ی ئۆکتۆبەر، حەماس رفاندنی، لە رەفەح دەستبەسەرن. 
 
رۆژی یەکشەممە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "سوپاسالار هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگی پەسندکردوون."
 
هەگاری گوتی: "جەژنی پەڕینەوە، 200 رۆژ بەسەر دەستگیرکردنی بارمتەکانماندا تێدەپەڕێت. تا ئەو کاتەی دەتانگێڕینەوە، شەڕ دەکەین."
 
197 رۆژە جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کە حەماس بە بەهێزترینیان دادەندرێت بەردەوامە. 
 
جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتەش دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا لانیکەم 240 بارمتە کەوتنە دەست حەماس و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە لای ئەو بزووتنەوەیە ماون. 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە