وەزارەتی دەرەوەی ئێران: داوا لە ئیمارات دەکەین لە هەڵسوکەوتی تۆڵەسێنەرانە دووربکەوێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هانا سەعیدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیمارات دەداتەوە و دەڵێ، تۆمەتبارکردنی تاران ناتوانێت سەرنجەکان لەسەر بەرپرسیارێتی ئەو وڵاتانە لابدات کە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیلن لە هێرشکردنە سەر ئێران.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند، "تۆمەتە بێ بنەماکان و دروستکردنی کەشێکی دژە ئێرانی، ناتوانن بیروڕای گشتی لە بەرپرسیارێتی راستەوخۆی ئەو لایەنانە لابدەن کە پاڵپشتی لە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران دەکەن."
 
دوێنێ 20ی نیسانی 2026 دەزگای ئاسایشی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەندامانی گرووپێکی دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە و گوایە ویستویانە "کردەی تیرۆریستی" بکەن.
 
بەقایی لەو بارەیەوە گوتی، "ئەم جۆرە لێدوان و تۆمەتبارکردنانە هیچ خزمەتێک بە دروستکردنی متمانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا ناکات." هەروەها داوای لە حکومەتی ئیمارات کرد رێز لە ماف و شکۆی مرۆڤەکان بگرێ و هۆشداریشی پێدان کە لە هەڵسوکەوتی تۆڵەسێنەرانە دووربکەونەوە و بگەڕێنەوە بۆ بنەمای دراوسێیەتییەکی باش.
 
بەپێی ناوەندی توێژینەوەی کەنداو، ئیمارات لە دوای دەستپێکی جەنگەوە لە 28ی شوباتەوە زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر رووبەڕووی هێرشی راستەوخۆی ئێران بووەوە. 
 
بەپێی ئامارەکان، ئێران لە جەنگی 40 رۆژەدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە زیاتر لە 270 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 2 هەزار درۆن هێرشی کردوەتە سەر ئیمارات. 
 
ریم هاشمی، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، رۆژی 19ی نیسان بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "زۆر روونە کە ئەوان (ئێرانییەکان) ئەم رێگەیەیان هەڵبژاردووە، چونکە ئێمە هەموو ئەو شتانەین کە ئەوان نین. ئێمە نموونەی گەشەسەندنی ئابوورین. ئێمە سامانی نەوتەکەمان بۆ بنیادنانی هێزێکی ئابووری بەکارهێنا، بەڵام ئەوان سامانەکەیان بۆ بەرنامە ئەتۆمییە مەترسیدارەکان، مووشەک، درۆن و گرووپە بەکرێگیراوەکان بەکارهێنا".
 
ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە قۆناخی ئاگربەستدایە و ئەمڕۆ دوایین رۆژی ئاگربەستی راگەیێندراوە. ترەمپ 20ی نیسانی وەک دوایی وادە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیران دیاریکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان

سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بۆ ئیسرائیل: ئەگەر نەکشێنەوە هەموو رۆژێک بۆنی بەرگری دەکەن

نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هۆشداری دەداتە هێزەکانی ئیسرائیل کە لە باشووری وڵاتەکەن و دەڵێت، ئەگەر نەکشێنەوە رووبەڕووی بەرگریی چەکداری دەبنەوە. ئەم هەڕەشەیەش تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی واشنتن دێت.