رۆژی هەینی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا لە رۆما بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەینی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەڕێوەبچێت. وەزارەتی دەرەوەی عومان دەڵێت، دانیشتنەکە لە رۆما دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "رۆژی هەینی 23ـی ئایار، گەڕی پێنجەمی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ، 20ـی ئایار، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."
هەر ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی گەڕی پێنجەم رایگەیاند، "تاوتوێی ئەوە دەکەین کە گەڕی پێنجەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا قبووڵ بکەین یاخود نا."
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون. سەڕەرای ناکۆکییەکان، هەردوو لا جەخت لەسەر درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەکەنەوە.