رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ وەزیری نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتی عێراق گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و بڕیارە لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە کە دیارترینیان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو حکومەتی عێراق دەیەوێت مەرجەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بزانێت، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "عێراق پشت بە فرەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی دەبەستێت، ئەگەر تورکیا ئەو بابەتە وەکو گوشار بەکارنەهێنێت، ئەوا عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوتەکەی لەرێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە."
ئەمرۆ دووشەممە، 21-8-2023، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک بابەت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی ئامانجەکانی سەردانی شاندەکەی عێراق بۆ ئەنقەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک دۆسیە لە جانتاکەی وەزیری نەوتدا هەن، لەسەروویانەوە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک، بەتایبەت عێراق دەیەوێت بڕی ئەو هەناردەیە زیاتر بکات لەوەی پێشتر هەبووە، بەتایبەت لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکووکەوە."
گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی نێوان عێراق و تورکیا لەکاتێکدا دێت، بڕیارە وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا و هەولێر بکات و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی گفتۆگۆ، پێشتریش گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەنێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا هەبووە، بەڵام عێراق نە دەستبەرداری ئەو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە دەبێت کە بەپێی دەستەی نێوبژیوانی پاریس دەبێت لە تورکیا وەریبگرێت، نە ئامادەی سکاڵایەکی دیکەی هاوشێوەی بکێشێنتەوە کە بە دۆڕاندنی تورکیا زیانێکی زۆری پێدەگات و بڕی پارەی داواکراوی سەروو 25 ملیار دۆلار دەبێت.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، لەبارەی سەردانەکەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراقەوە لە لێدوانێکدا رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، بە سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژە، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا."
سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، باڵیۆزخانەکە دەڵێت، "بۆ تاوتوێکردنە لەبارەی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوئاهەنگی لەبواری نەوت و گاز، جگە لە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لەبارەی بەندەی جەیهانی تورکییەوە."
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ئەوەشی ئاشکراکردووە وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵبئارسڵان بایراکدار، وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا کۆدەبێتەوە لەپێناو بونیادنانی پردی متمانە و گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە."
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای نزیکەی پێنج مانگ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە، زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانیش لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
عەلی جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عێراق کار بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتەکەی دەکات، بۆیە تورکیا بێت یان شوێنی دیکە، گرنگە، ئەو بابەتە بۆ عێراق گرنگە، سەردانی وەزیری نەوتیش بۆ تاوتوێکردنی بابەتی مەرجەکانی تورکیا دەبێت، چونکە تورکیا پاساوی هەیە بۆ دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستان و کەرکووکەوە."
رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023 سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە حکومەتی عێراق لەبارەی گوتوێژەکانی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، بە رووداوی گوتبوو: "هێشتا وادەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆوە نادیارە، لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بەردەوامە، ناتوانین بڵێین شکستیان هێناوە".
رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممە 23ـی ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین کەسایەتی نیشتمانی و سیاسیی باڵای حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی 20ـی تەممووزی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ