ئیسرائیل دامەزراوە داراییەکانی حیزبوڵڵا بۆردوومان دەکات

21-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل ژمارەیەک بانکی لە شاری بەیرووت بۆردوومانکرد کە بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە، پارەیان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان گواستووەتەوە. 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی لوبنان، شەوی رابردوو (20-10-2024) ئیسرائیل 11 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر باشووری بەیرووت. یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، بانکی قەرزل حەسەن بوو کە لە حیزبوڵڵاوە نزیکە. لقەکانی هەمان بانک لە رۆژهەڵاتی دۆڵی بیقاع و باشووری لوبنانیش بۆردوومانکران. 
 
یەکێکی دیکە لە هێرشەکان نزیک فڕۆکەخانەی بەیرووتی کردە ئامانج، لە کاتێکدا فڕۆکەخانەکە دەروازەی سەرەکیی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانە بە لوبنان و دەرەچەیەکی گەورەی چوونەدەرەوەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە ترسی جەنگ وڵاتەکە جێبهێڵن. 
 
وێنە و دیمەنەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەکە پێشانیدەدەن کە دوای بۆردوومان، دووکەڵێکی گەورە لە نزیک فڕۆکەخانەکە بەرزدەبێتەوە. 
 
دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، درۆنێکی ئیسرائیلییان لە جۆری هێرمس 450 خستووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی شوێنەکەی ئاشکرا بکات. 
 
بزووتنەوە لوبنانییەکە باسی لەوە شکرد کە ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 
 
هێرشەکانی شەوی رابردوو دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی یەکشەممە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەکەش بڵاویکردەوە، هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر پێگەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور و لەسەر زەویش رووبەڕووی سەربازانی ئیسرائیلی بووەتەوە. 
 
هاوکات هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیڵ) رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل "بە مەبەست" زیانی بە پێگەیەکی ئەوان گەیاندووە، کە ئەمە دوایینی زنجیرەیەک پێشێلکاریی ئیسرائیلە بە گوتەی هێزە نێونەتەوەییەکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە سەربازەکانی راگەیاند، سوپاکەیان هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان زیاد دەکات بۆ ئەوەی، بە گوتەی خۆی، ئەو شوێنانە لەنێوببەن کە حیزبوڵڵا "بەنیازە بەکاریان بهێنێت بۆ ئەوەی لێیانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل." 
 
سوپاکە هەروەها هۆشداری دابوو کە هێرش دەکاتە سەر بانکی قەرزل حەسەن و داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردبوو لە شوێنەکە دووربکەنەوە. کەمێک دواتر، لە بانکەکەی دا. 
 
بانکەکە بە تۆمەتی پارەدارکردنی حیزبوڵڵا لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە. 
 
بۆردوومانکردنی دامەزراوە داراییەکان پێشانیدەدات ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا فراوان دەکات. 
 
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکانی لاوازکردنی حیزبوڵڵایە بۆ ئەوەی نەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
مانگی رابردوو، ئیسرائیل سەرنجی خۆی لە غەززەوە گۆڕی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان.  
 
جەنگی فراوانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوای ساڵێک لە هێرشی سنوورداری هەردوولا بۆ سەر یەکدی هات لە هەردوو دیوی سنوور.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەیەک لە بەیرووتی پاتەختی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل وێران بووە.

حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.