نەتەنیاهوو: ئەوەی لەم چەند رۆژەدا روویداوە بۆ هەموو لایەکی روون دەکاتەوە کە ئێران مەترسییە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێرانی وەک بەڵگەی مەترسیی ئەو وڵاتە بۆ سەر جیهان وێنا کرد و دوو ئامانجی سەرەکیی جەنگەکەیانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رەخساندنی زەوینە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.
هێرش بۆ سەر شوێنە مەدەنی و پیرۆزەکان
نەتەنیاهوو رایگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا ئێران ناوچە مەدەنییەکانی کردوەتە ئامانج و مەبەستی بووە هاووڵاتییانی مەدەنی بکوژێ.
مەبەستی نەتەنیاهوو هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو بوو بۆسەر شارۆچکەی عەراد و شارۆچکەی دیمۆنا لە باشووری ئیسرائیل کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیاتر لە 175 کەس بریندار بوون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران قودس- ئورشەلیمیشی بۆردوومان کردووە و ئەو شوێنە کراوەتە ئامانج کە لە نزیک شوێنە پیرۆزەکانی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە (دیواری رۆژئاوا، کەنیسەی قیامە و مزگەوتی ئەقسا) و گوتی: "بە پەرجوویەک هیچ کامیان زیانیان بەرنەکەوت، بەڵام ئەوان شوێنە پیرۆزەکانیان کردبووە ئامانج."
مەودای مووشەکەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئەورووپا
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر هێرشە مووشەکییەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئێران بۆ سەر بنکەی "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی و رایگەیاند، ئەو مووشەکە 4000 کیلۆمەتری بڕیوە.
نەتەنیاهوو هۆشداری دا کە ئێستا مووشەکەکانی ئێران توانای ئەوەیان هەیە بگەنە قووڵایی ئەورووپا و پێشتریش قوبرسیان کردووەتە ئامانج.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران تەنگەی هورمزیشی داخستووە کە نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و گوتی، ئەم هەموو رووداوانە دەیسەلمێنن ئێران بۆسەر هەموو جیهان هەڕەشەیە.
دوو ئامانجە سەرەکییەکەی ئیسرائیل
لەبارەی ئاراستەی جەنگەکەوە، نەتەنیاهوو گوتی: "ئێمە دوو ئامانجی روونمان هەیە. یەکەم، لەنێوبردنی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران و نەهێشتنی توانای دروستکردنی پێکهاتەکانیان. دووەم، رەخساندنی دۆخێک تاوەکو گەلی ئێران" بتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستا بهێنێت.
نەتەنیاهوو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە بۆ ئاسایشی جیهان کاردەکەن و داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە کرد بچنە پاڵیان.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی بانگەوازەکەی ترەمپی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران و گوتی: "پێموایە سەرۆک ترەمپ بە وردی دەزانێت چی دەکات. هەر کارێکیش ئەنجامی بدەین، پێکەوە و بە متمانەیەکی زۆرەوە دەیکەین."