رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی بڕیاری داخستنی رادیۆی سوپای وڵاتەکەی ناسراو بە "گالی تزاهال" دا؛ وەزیری بەرگری دەڵێت، رادیۆکە زیان بە ورەی نیشتمانی دەگەیێنێت، داواکاری گشتیش بڕیارەکە بە "نایاسایی و مەترسی بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین" وەسف دەکات.
نووسینگەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پێشنیازەکەی بۆ داخستنی وێستگەی رادیۆی سوپا (گالی تزاهال) پەسند کردووە و پرۆسەی داخستنەکەش پێش 1ی ئاداری 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە رۆڵی سەرەکی لە بڕیارەکەدا هەبووە، رایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە پێشنیازی لابردنی گالی تزاهال لە چوارچێوەی سوپا، یان بە کەرتی تایبەتکردنی هەیە."
لای خۆیەوە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری پاساوی بۆ بڕیارەکە هێنایەوە و گوتی، رادیۆکە "ناوەڕۆکی سیاسی و دابەشکەرانە پەخشدەکات کە لەگەڵ بەهاکانی سوپا ناگونجێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی جەنگدا سەربازان و هاووڵاتییان سکاڵای ئەوەیان هەبووە کە رادیۆکە نوێنەرایەتییان ناکات و "زیان بە ورەی نیشتمانی دەگەیێنێت."
بڕیارەکە ناڕەزایەتیی تووندی لێکەوتەوە؛ گالی بەهاراڤ میارا، داواکاری گشتیی ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی بڕیارەکە "نیگەرانیی قووڵ لەبارەی دەستوەردانی سیاسی لە میدیا و پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕین دروستدەکات."
بەهاراڤ میارا، کە خۆی لەژێر گوشاری دەرکردندایە لەلایەن نەتەنیاهوو، رایگەیاند "پرسیاری جددی لەبارەی پێشێلکردنی بنەماکانی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی دروستدەکات." نووسینگەکەی جەختی کردەوە کە داخستنی وێستگەکە پێویستی بە دەنگدان و پەسندکردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) دەبێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی 34 لاپەڕەیی کە لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتییەوە ئامادەکراوە، بڕیارەکەی حکومەت "پێوەرە یاساییە پێویستەکان پڕناکاتەوە و بەو شێوەی ئێستای ناتوانرێت کاری لەسەر بکرێت."
هەروەها یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەوان ناتوانن کۆنترۆڵی راستییەکان بکەن، بۆیە هەوڵدەدەن مێشکی خەڵک کۆنترۆڵ بکەن."
رادیۆی "گالی تزاهال" لە ساڵی 1950 دامەزراوە و بە یەکێک لە دێرینترین دامەزراوە میدیاییەکانی ئیسرائیل دادەنرێت؛ بەگوێرەی راپرسییەکان سێیەم پڕگوێگرترین رادیۆی وڵاتەکەیە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە بڕیارە ساڵی 2026 هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بکرێت و نەتەنیاهوو بەنیازە خۆی بۆ خولێکی دیکە بەربژێر بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ