سەرچاوەیەک: تورکیا، میسر و پاکستان پەیامیان لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوو گفتوگۆی زۆر باشیان لەگەڵ ئێران دا هەبووە. سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، تورکیا، میسر و پاکستان پەیامیان لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ئاڵوگۆڕ کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکییەکە کە قسەی بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس کردووە، بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە گفتوگۆی جیاجیایان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، "نێوەندگیرییەکە بەردەوامە و پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. گفتوگۆکان لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانە. هیوادارین بەزوویی وەڵاممان دەستبکەوێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی رایگەیاند، "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئەمریکا و ئێران، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی تەواو و هەمەلایەنەی دووژمنایەتییەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
لە کاردانەوەی دوای ئەو پۆستە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان واشنتن و تاران نییە، ئەوەی ترەمپ گوتوویەتی، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ دابەزاندنی نرخەکانی وزە." هەروەها "کاتکڕینە" بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانی.
هەر لەبارەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، کریس مۆرفی، یەکێک لە سیناتۆرە دیارەکانی دیموکراتەکان رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ راگرتنی هێرشەکانی رانەگەیاندووە، بەڵکو دەڵێت "تاوانێکی جەنگیی دوادەخات کە بریتییە لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی مەدەنیی ئێران."
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوە پەیامێک نییە بۆ ئێران، بەڵکو پەیامێکی پڕ لە شڵەژانە بۆ بازاڕەکان تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، هیچ پەرەسەندنێکی جەنگی روونادات."
24 رۆژە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و جەنگێکی فراوان لە ناوچەکەیە و تاوەکو ئێستا ئاسۆیەک بۆ وەستانی جەنگەکە و ئاگربەست دیارنییە.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو ئێران چوون و ئەمڕۆ بۆردوومانێکی چڕ لەسەر ئەو وڵاتە بوو.
ڤیدیۆی کەمێک پێش ئێستای ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو ئێران دەچن pic.twitter.com/02LaWFSgdZ
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 23, 2026