ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان تاران و واشنتن نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانمان نییە."

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، "لێدوانەکانی ترەمپ لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ دابەزاندنی نرخەکانی وزە." لێدوانەکانی ترەمپیش بە "کاتکڕین بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانی" ناودەبات.

سەبارەت بە وەڵامیان بۆ دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەڵامیان ئەوەیە "ئێمە جەنگمان دەستپێنەکردووە."

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئەمریکا و ئێران، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی تەواو و هەمەلایەنەی دووژمنایەتییەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."

ترەمپ، هاوکات باس لەوە دەکات، "بەپێی شێواز و کەشوهەوای ئەم گفتوگۆ قووڵ و ورد و بنیاتنەرانەی کە بە درێژایی هەفتەکە بەردەوام دەبن، فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ داوە کە هەموو هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ دوابخات، ئەمەش بەندە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکان."

قسەکانی ترەمپ کەمتر لە 12 کاژێر پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادە 48 کاژێرییە هات کە بۆ ئێرانی دانابوو تاوەکو تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئەگەرنا وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج. ئێرانیش هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ژێرخانەکانی وزەی ئیسرائیل و ئەوانەی نزیکن لە ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پۆستەی ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ، نرخی نەوتی برێنت 13% دابەزینی بەخۆوە بینی و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت تاوەکو 98 دۆلاریش دابەزی. هاوکات زێڕیش بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 4410 دۆلار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە