رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی سەرۆککۆماری ئێران، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، ئەو لە دۆخێکی "چەقبەستوو"دایە، هەڕەشە و پاشەکشەکانی تەنیا زیان بە خۆی دەگەیێنن.
رۆژی دووشەممە 23-3-2026 ئیسماعیل سەقاب ئەسفەهانی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە ئێکس سەبارەت بە هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ترەمپ رێک لە دۆخی مشاردا گیریکردووە؛ چ ئەو کاتەی هەڕەشە دەکات و بە خەیاڵی خۆی دێتە پێشەوە، چ ئێستا کە بە شێوەیەکی شەرمەزارانە پاشەکشە دەکات، لە هەردوو حاڵەتەکەدا زیاتر خۆی بریندار دەکات."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەردەوامبوونە لە پێشڕەوی و پاشەکشەکردن، دواجار دەبێتە هۆی "لەناوبردنی سیاسیی ترەمپ بۆ هەمیشە." گوتیشی: "بەهۆی رابردووی قسە و رەفتارەکانی، ئیدی قسەکانی ترەمپ بۆ هیچ ئێرانییەکی ژیر، هیچ بەهایەکی نەماوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەسفەهانی رووی دەمی کردە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و پشتگیری خۆی بۆ هێرشەکان دەربڕی و گوتی: "سەردار و ئەمیرە ئازیزەکانی ئێران؛ لێبدەن، چونکە باش لێدەدەن."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێرانیش، ئەسفەهانی، کە سەرۆکی رێکخراوی باشترکردنی وزەیە، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و رایگەیاند: "ئێمە لە کەرتی وزە بەتەواوی ئامادەین بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی هەموو ئێرانییەکان."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە مۆڵەتی 48 کاژێری بە ئێران دابوو، کە دەبێت تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئەگەرنا کەرتی کارەبای وڵاتەکە دەکاتە ئامانج، ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ جارێکی دیکە قسەی کرد و گوتی، گفتوگۆی باشیان لەگەڵ ئێران هەبووە، بۆیە مۆڵەتی هێرشەکەی سەر کەرتی کارەبای ئێرانی بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ