ئێران و ئیسرائیل بە ئاگربەستەکەی ترەمپ رازی بوون

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی ئاگربەستێکی تەواوەتی رابگەیێنن. هەردوولای جەنگەکە پشتڕاستیان کردەوە کە بە ئاگربەستەکە رازی بوونە. دوایین زانیارییەکان لەم لایڤ بلۆگەدایە

24-06-2025

10:58

ئەم لایڤ بلۆگە کۆتایی پێدەهێنین

 
لە سەرەتای وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکەی ئەمریکا و هێرشی مووشەکیی ئەو وڵاتە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی لە قەتەر، لەم لایڤ بلۆگە لەگەڵتان بووین تاوەکو راگەیاندنی ئاگربەست و پابەندبوونی هەردوو وڵات بە ئاگربەستەکە. 
 
ئێستا ئەم لایڤ بلۆگە کۆتایی دێت و هەمیشە بچنەوە سەر رووداو بۆ دوایین زانیارییەکان. 

10:00

ئیسرائیل دەڵێت، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکەی لێدەدات

ئیسرائیل دەڵێت، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکەی لێدەدات
 
 
دوای زیاتر لە سێ کاژێر لە ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی وڵاتەکەی لێدەدرێت چونکە مووشەکی ئێرانی هەڵدراوە. 
 
میدیای ئێران ئەوە بە پڕوپاگەندە ناو دەبات. 
 

09:42

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل: کاتی ئاگربەستە لە غەززەش

 
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە جەنگەکە لە غەززەش کۆتایی بێت و بارمتەکانی ئیسرائیل بگەڕێندرێنەوە. هەروەها ئیسرائیل دەست بە بونیادنانەوە بکات. 

 

 

09:30

حکومەتی ئیسرائیل رازی بوونی بە ئاگربەست راگەیاند

 
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەتی ئیسرائیل کە پێشتر بەشێکمان لێ بڵاوکردەوە، ئەو وڵاتە رازی بووە بە ئاگربەست. 
 
لەگەڵ ئەوەی باسی لەنێوبردنی هەڕەشەی بنەڕەتیی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی کردووە، ئیسرائیل دەشڵێت: "زیانێکی قورسی بە سەرکردایەتیی سەربازی گەیاندووە و دەیان ئامانجی ناوەندیی حکومەتی ئێرانی تێکشکاندووە".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئیسرائیل لە رۆژی رابردوودا، "گورزی سەختیان لە ئامانجە حکومییەکانی دڵی تاران وەشاندووە، سەدان چەکداری بەسیجیان کوشتووە." هەروەها دەڵێت، "زانایەکی باڵای ئەتۆمیی دیکەشیان کوشتووە".

 

 

09:03

پەیامێک لە ئیسرائیلەوە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ

پەیامێک لە ئیسرائیلەوە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجوومەنی وەزیرانی لەگەڵ وەزیری بەرگری، سوپاسالار و سەرۆکی مۆساد کۆکردەوە بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە ئیسرائیل گەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" و، "تەنانەت زۆر لەوەش زیاتر."
 
نووسینگەکە دەڵێت، "ئەمە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ گەلی ئیسرائیل و جەنگاوەرەکانی کە دوو هەڕەشە سەرەکییەکەیان لەسەر دەوڵەتەکەمان لەناوبردووە و مانەوەی هەتاهەتایی ئیسرائیلیان مسۆگەر کردووە."

 

 

08:47

بەهۆی هێرشەکەی ئێران لە بیرشیڤا چوار کەس کوژران و 22 برینداربوون

 
ماگێن داڤید ئەدۆم، خزمەتگوزاری ئەمبوڵانسی ئیسرائیلی، تازەترین زانیاریی دەربارەی کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئەم بەیانییەی ئێرانی لە بیرشیڤا راگەیاند و دەڵێت، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی چوار کەس پشتڕاستکراوەتەوە و 22 کەسیش برینداربوون. 
 
لەنێو بریندارەکاندا، بە گوتەی ئەدۆم، دۆخی دوو کەسیان مامناوەندە و 20 کەسیش برینەکانیان سووکە.

 

 

 

08:46

دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران و ئیسرائیل: ئاگربەست پێشێل مەکەن

 
نزیکەی دوو کاژێر بەسەر کاتی ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل تێپەڕیوە. دۆناڵد ترەمپ بۆ هەردوولای نووسیوە: ئاگربەستەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تکایە پێشێلی مەکەن. 

 

 

 

07:00

قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد

قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد
 بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکات
 
نەخشەرێگەی ترەمپ بۆ ئاگربەست بەمجۆرەیە: 
 
6 کاژێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ـی خۆیان تەواو دەکەن
 
لەدوای 12 کاژێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت 
 
12 کاژێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت
 
12 کاژێری دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت 
 
لە 24 کاژێری تەواو دا: جیهان سڵاو لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات
 

06:56

دۆناڵد ترەمپ: رێککەوتنی ئەمڕۆ بەبێ ئازایەتیی فڕۆکەوانەکانی B-2 نەدەکرا

فڕۆکەی B-2
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: نەماندەتوانی ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆ ئەنجام بدەین بەبێ لێهاتوویی و ئازایەتیی فڕۆکەوانە ناوازەکانی B-2 و هەموو ئەوانەی بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کرد. بە شێوەیەکی دیاریکراو و زۆر سەرسووڕهێنەرانە ئەو "لێدانە" نایابەی درەنگیی شەو، هەموو لایەنەکانی کۆکردەوە و رێککەوتنەکە ئەنجامدرا!!
 
 
 
 
 
 

05:59

سوپای ئیسرائیل: کەمێک لەمەوبەر ئێران مووشەکبارانی کردین

 
تەنیا ئەحمەد
 
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، خەریکی بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی ئێرانە کە 'کەمێک لەمەوبەر لەمەوبەر' هاوێژراون، بێ ئەوەی کاتی وردی هێرشەکە دیاری بکات.
 
بەرەبەیانی 24-06-2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر، دوای بەدیکردنی ئەو مووشەکانەی کە لە ئێرانەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل هاوێژران، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدرا."
 
دەزگەی فریاگوزاریی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، لە شاری بیئرسەبع لە باشووری ئیسرائیل، چەند باڵاخانەیەک بەهۆی مووشەکەوە زیانیان بەرکەوت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئاگربەستێ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا لە نزیکەی کاژێر 7:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات و تاران سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکانی رادەگرێت.
 

05:30

ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران پێکەوە هاتنە لام و داوای ئاشتییان کرد

ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران پێکەوە هاتنە لام و داوای ئاشتییان کرد
 
تەنیا ئەحمەد 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا رایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران "بە نزیکی لە هەمان کاتدا" چوونەتە لای و داوای "ئاشتی"یان کردووە.
 
ترەمپ لە پۆستەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "من زانیم کاتەکە ئێستایە. جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست براوەی راستەقینەن."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت هەردوو وڵات لە داهاتوویاندا "خۆشەویستی، ئاشتی و خۆشگوزەرانیی زۆر" دەبینن.
 
ترەمپ هۆشداریشی داوە و دەڵێت: "ئەوان زۆریان هەیە بۆ بەدەستهێنان و لە هەمان کاتدا، زۆریشیان هەیە بۆ لەدەستدان ئەگەر لە رێگەی راستی لابدن." لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "داهاتووی ئیسرائیل و ئێران بێسنوورە و پڕە لە بەڵێنی گەورە. خودا هەردووکتان بپارێزێت."

 

 

04:31

راگەیاندنی ئاگربەستی ترەمپ، بەرپرسە باڵاکانی خۆیشی تووشی شۆک کرد

 
تەنیا ئەحمەد
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ترەمپ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئێرانی، بە شێوەیەکی کتوپڕ رێککەوتنێکی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی راگەیاند، کە قەتەر یارمەتیدەر بووە لە نێوەندگیریدا.
 
ئەو بەرپرسە، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە، گوتی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر رۆڵی لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا گێڕاوە.
 
راگەیاندنەکە تەنانەت هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی خودی ئیدارەی ترەمپیشی تووشی شۆک کرد. ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ئاگربەستەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و لە ماوەی سێ کاژێردا دوای راگەیاندنەکەی ترەمپ، هێرشی نوێ لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر ئێران، ئەمەش پرسیاری لەسەر ئەوە دروستکرد کە ئایا هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون.
 
بەرپرسەکە گوتی، ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە یارمەتی وەرگرتووە. 
 
بەرپرسەکە گوتی، ئەو سێ پیاوە بەشێوەی "راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ"وە کاریان کردووە بۆ گەیشتن بە ئێرانییەکان. بەرپرسەکە گوتی، ئیسرائیل بەو مەرجە بە ئاگربەستەکە رازی بووە کە رووبەڕووی هێرشی زیاتری ئێران نەبێتەوە.
 
بەرپرسەکە هۆکاری دانانی مەرجەکانی بۆ گفتوگۆی ئاگربەست گەڕاندەوە بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژی شەممەدا بۆ سەر سێ ناوەندی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران.
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئێران بە چ مەرجێک رازی بووە، لەنێویاندا ئایا وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە سەبارەت بە شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی.

04:26

عێراقچی: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل تاوەکو کاژێر 4:00ـی بەیانی بەردەوام بوون

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ "سزادانی ئیسرائیل" لەسەر "دەستدرێژییەکەی"، تاوەکو دوا خولەک، کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی، بەردەوام بوو.
 
عێراقچی لە تویتێکدا سوپاسی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "تادوا دڵۆپی خوێنیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان" و تاوەکو دوا خولەک وەڵامی هەر هێرشێکی دووژمنیان داوەتەوە.
 
ئەم تویتەی عێراقچی دوای ئەو وادەیە دێت کە خۆی لە تویتێکی پێشووتردا دیاریکردبوو، کاتێک رایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل تاوەکو کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی هێرشەکانی رانەگرێت، ئەوا ئێران لە وەڵامدانەوە بەردەوام دەبێت. 
 

04:20

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئسیرائیل رێککەوتنیان لەسەر ئاگربەست کردبێت

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا هەر "رێککەوتنێک"ـی بۆ ئاگربەست یان راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رەتکردەوە، بەڵام مەرجێکی بۆ راگرتنی هێرشەکانیان دانا.
 
عێراقچی نووسیویەتی: "وەک ئێران چەندین جار روونیکردووەتەوە: ئیسرائیل شەڕی دژی ئێران دەستپێکردووە، نەک بە پێچەوانەوە."
 
هەروەها دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر هیچ ئاگربەستێک یان راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نییە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجێک دادەنێت و دەڵێت: "بەڵام، بەو مەرجەی رژێمی ئیسرائیل دەستدرێژییە نایاساییەکانی بۆ سەر گەلی ئێران رابگرێت، کە لە کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی بە کاتی تاران درەنگتر نەبێت، ئێمە هیچ نیازێکمان نییە دوای ئەوە بەردەوام بین لە وەڵامدانەوەمان."

01:52

سەرچاوەیەک: قەتەر نێوەندگیریی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی کردووە

ئاڵای قەتەر
 
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، قەتەر رۆڵێکی سەرەکیی لە نێوەندگیریدا گێڕاوە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنی ئاگربەستەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا رایگەیاند.
 
بەرپرسێکی ئاگادار لە وردەکارییەکان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تاران، رەزامەندیی ئێرانی لەسەر پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا بەدەستهێناوە.
 
هەروەها ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، ترەمپ بە میری قەتەری راگەیاندووە، ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە رازی بووە و داوای یارمەتیی قەتەری کردووە بۆ رازیكردنی ئێرانیش.
 
ئەم زانیارییە نوێیانە وردەکاریی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لەبارەی "ئاگربەستی گشتگیر" لەنێوان ئێران و ئیسرائیل رایگەیاند. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئێران بە تۆڕی CNNـی راگەیاندبوو، هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستیان پێنەگەیشتووە.
 
رۆڵی قەتەر وەک نێوەندگیر لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتبوونە لووتکە؛ لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، هەروەها هێرشە راستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە تاران و ئاگادارکردنەوەی ئێران بۆ چۆڵکردنی شاری راماتگان.
 

01:43

راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە بۆ فریودانە

 
راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە فێڵ و فریودان وەسف دەکات و دەڵێت: "هۆشیار نەبین گورزێکی سەختمان بەردەکەوێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24.6.2025، مەهدی محەممەدی رایگەیاند، "پەیامەکانی راگرتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئاگربەست، وەڵامنەدانەوەی گورز و هەر شتێکی دیکەی لەم جۆرە، لەلایەن ترەمپ یان رژێمەوە، تەنیا فێڵ و فریوە بە مەبەستی غافڵگیرکردن، بە ئامانجی تووندکردنەوەی پێکدادان."
 
بەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
 
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
 
بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، ئێران سەرەتا دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، دواتر لە کاژێری 12ـدا ئیسرائیل دەستپێدەکات و لە کاژێری 24ـدا "جەنگی 12 رۆژە" بە فەرمی کۆتایی دێت.
 
مەهدی محەممەدی، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر هۆشیار نەبین، گورزێکی سەختمان بەردەکەوێت."
 

 

01:28

بەرپرسێکی باڵای ئێران: هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستمان پێنەگەیشتووە

رووداو
 
تەنیا ئەحمەد
 
بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاند، ئێران هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستی پێنەگەیشتووە و هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەوە نابینێت.
 
ئەو بەرپرسە ناونەهێنراوە بە سی ئێن ئێنی گوت، ئێران بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن تاوەکو دەگاتە ئاشتییەکی بەردەوام و لێدوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا وەکو "فێڵێک" دەبینێت کە مەبەست لێی پاساودانە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران.
 
بەرپرسەکە گوتیشی: "لەم ساتەدا، دووژمن دەستدرێژی دەکاتە سەر ئێران، ئێران لەسەر لێواری چڕکردنەوەی هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانیەتی و گوێ لە درۆکانی دووژمنەکانی ناگرێت."
 
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. گرژییەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ ناوەندی ئەتۆمیی ئێران، لەنێویاندا بنکەی ژێرزەمینیی فۆردۆ.
 
وەک وەڵامێک، ئێران رۆژی دووشەممە هێرشێکی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەدیدی ئەمریکی لە قەتەر. سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی بە "زۆر لاواز" وەسف کرد.
 
هاوکات، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجگەلێک لە تاران، لەنێویاندا زیندانی ئێڤین و سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی ناوچەی 7ـی پایتەختی ئێران کردووە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
 
بەهۆی ئەم جەنگەوە، زۆربەی هێڵە ئاسمانییە جیهانییەکان، وەک لوفتهانزا و بریتیش ئێروێیز، گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە هەڵپەساردووە، هەرچەندە قەتەر دوای هێرشەکە ئاسمانی خۆی کردەوە.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "راگرتنی شەڕی" کردووە. هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) داوای گەڕانەوەی پشکنەرەکانی بۆ ئێران کردووە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% دەربڕیوە.
 

01:02

ترەمپ: شەڕی ئیسرائیل و ئێران دوای 6 کاژێر دەوەستێت

رووداو
 
تەنیا ئەحمەد 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
 
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
 
بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، ئێران سەرەتا دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، دواتر لە کاژێری 12ـدا ئیسرائیل دەستپێدەکات و لە کاژێری 24ـدا "جەنگی 12 رۆژە" بە فەرمی کۆتایی دێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر "خۆڕاگری، ئازایەتی و ژیری" پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە "دەکرا بۆ ساڵانێک بەردەوام بێت و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێران بکات".
 
راگەیاندنەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتنە لووتکە. ئەم گرژییانە دوای ئەوە هاتن کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر سێ ناوەندی ئەتۆمیی ئێران.
 
وەک وەڵامدانەوە، ئێران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەدیدی ئەمریکی لە قەتەر، کە پێنتاگۆن رایگەیاند 13 مووشەکی لێخراوەتە خوارەوە. دواتریش، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجگەلێک لە تاران و داوای لە دانیشتووانی بەشێک لە پایتەخت کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
 
پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە CNNـی راگەیاندبوو کە هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستیان پێنەگەیشتووە و بەردەوام دەبن لە هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانیان.

23:51

یەکەم پەیامی وەزیری دەرەوەی ئێران لەدوای هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هێرشەکەمان بۆ سەر بنکەی ئەمریکی وەڵامی هێرشی ئەمریکا بوو بۆ سەر سەروەریمان."
 
 

23:42

ئاگرەکەی نێوان کەرکووک - هەولێر کوژێندرایەوە

ئاگرەکەی نێوان کەرکووک - هەولێر کوژێندرایەوە
 
بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەنێک کە بەتەواوی نازاندرێت پاشماوەی مووشەکە یان درۆن، ئاگر لە زەویوزاری جووتیارێک کەوتبووەوە. جووتیارەکە بە رووداوی گوت: بە تراکتۆرەکەی ئاگرەکەی کوژاندووەتەوە. 
 
پەیامنێری رووداو لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی تەنەکە زانیاری لایە

 

23:42

عەلی خامنەیی: ستەم قبووڵ ناکەین

 
هەژماری عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "مافی کەسمان نەخواردووە و لەژێر هیچ بارودۆخێکیشدا ستەم قبووڵ ناکەین."
 
هەروەها دەڵێت، "خۆمان لە بەرامبەر پێشێلکاریی هیچ کەسێک دا بەدەستەوە نادەین. ئەمە شێوازی بیرکردنەوەی گەلی ئێرانە."

 

 

 

23:03

ترەمپ: خۆشحاڵم هیچ قەتەرییەکیش نەکوژراوە و بریندار نەبووە

 
دۆناڵد ترەمپ پۆستی زیاتری کردووە و تێیدا نووسیویەتی، "دەمەوێت سوپاسی میری زۆر بەڕێزی قەتەر بکەم بۆ هەموو ئەو کارانەی کردوویەتی لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی بۆ ناوچەکە."
 
هەروەها دەڵێت، "سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکە لە قەتەر، خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە سەرەڕای ئەوەی هیچ ئەمریکییەک نەکوژراوە و بریندار نەبووە، زۆر گرنگە، هیچ قەتەرییەکیش نەکوژراوە و بریندار نەبووە."
 
ترەمپ دەشڵێت، "پیرۆزە لە جیهان، ئێستا کاتی ئاشتییە." 

 

 

23:02

پەیامی دۆناڵد ترەمپ لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانیان

پەیامی دۆناڵد ترەمپ لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانیان
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئێران بە فەرمی وەڵامی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی داوەتەوە بە وەڵامێکی زۆر لاواز، کە چاوەڕێمان دەکرد و زۆر بە کاریگەرییەوە بەرپەرچمان داوەتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی، ئێران 14 مووشەکی هەڵداون کە 13 یان خراونەتەخوارەوە و یەک دانەیان رێگەدرا دەربازی ببێت، چونکە بەرەو ئاراستەیەکی بێ هەڕەشە دەچوو.
 
ترەمپ دەشڵێت، "خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە هیچ ئەمریکییەک زیانی پێنەگەیشتووە و هێرشەکان زۆر کەم زیانیان هەبووە. گرنگتر لە هەمووی، ئەوان هەموو شتێکیان لە "سیستەمی" خۆیان دەرکردووە، و هیوادارم، هیچ رقێکی دیکە لە ئارادا نەبێت."
 
ترەمپ سوپاسی ئێران دەکات و دەڵێت، "ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە"ـی پێداون کە وایکرد هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەدات و هیچ کەسێک بریندار نەبێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی نووسیوە، "رەنگە ئێران ئێستا بتوانێت بەرەو ئاشتی و هاوئاهەنگی لە ناوچەکەدا هەنگاو بنێت و منیش بە پەرۆشەوە هانی ئیسرائیل دەدەم هەمان شت بکات. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە!"
 

 

 

22:31

نرخی نەوت زیاتر لە 5 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت زیاتر لە 5 دۆلار دابەزی
 
ئەبدەیت لە بازاڕەکانەوە دەگات و دەردەکەوێت کە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 71.50 دۆلارە. ئەوەش واتا زیاتر لە 5 دۆلار دابەزیوە.
 
بریندارنەبوون و مردنی هیچ کەسێک لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەکەی ئەمریکا لە قەتەر، وەکو هۆکارێکی دابەزینەکە سەیردەکرێت، چونکە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکانی کەمکردووەتەوە.

 

 

 

22:30

لە نێوان کەرکووک - هەولێر درۆن کەوتووەتە خوارەوە

 
لە هەردی محەممەد، پەیامنێرمان لە کەرکووکەوە زانیاری گەیشت کە لە ناوچەی قەزنەفەر لەسەر رێگەی کەرکووک - هەولێر درۆن کەوتووەتەخوارەوە و ئاگر کەوتووەتەوە. 
 
زانیاریی زیاتر و ڤیدیۆ بڵاودەکەینەوە. 
 

 

22:16

قەتەر: دۆخەکە سەقامگیرە

خەڵک لە دەوحە وێنە و ڤیدیۆی گەیشتنی مووشەکەکانی ئێران و بەرپەرچدانەوەیان دەگرن
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەیاننامەیەکی دەرکردووە و جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخی ئەمنیی وڵاتەکە جێگیرە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی خەڵک نیگەران بن.
 
وەزارەتەکە داوای لە خەڵکیش کردووە، ئاگاداری دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بن و باوەڕیان پێنەکەن. 
 
وەزارەتی دەرەوە رایدەگەیەنێت کە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی قەتەر کردووە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە، هەروەها پاراستنی ژیانی گشتیی خەڵک.

 

 

22:10

پەیامی نوێی نەتەنیاهوو لەبارەی جەنگەکە

پەیامی نوێی نەتەنیاهوو لەبارەی جەنگەکە
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەڵێت: "زیانێکی بەرچاو بە دامەزراوەی فۆردۆ کەوتووە، ئەوەی پێویستە تەواو بکرێت، ئێمە تەواوی دەکەین."
 
لەبارەی وەستاندنی جەنگ و هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران باس لەوە دەکات کە هەر کات گەیشتنە ئامانجەکانیان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەهێنن. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختدەکاتەوە کە "لە لێواری نەهێشتنی مەترسییەکانی ئێران داین، کە ئەویش هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی-ن."

21:32

کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات

کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات
 
دەوڵەتی کوەیت "سەرکۆنەی تووندی" هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر قەتەر دەکات و دەڵێت، "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی قەتەر و ئاسمانی وڵاتەکەی، یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە." هەروەها بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار دادەنرێت و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
 
لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت جەختی لەسەر پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکە لە دەوڵەتی قەتەر، سەرکردایەتی و حکومەت و گەلی وڵاتەکە کردووەتەوە. 
 
کوەیت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەموو ئەو رێوشوێنانە دەربڕیوە کە قەتەر دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیرییان، لەوانەش: "مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆ بە شێوەیەک کە لەگەڵ قەبارەی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەدا بگونجێت."
 
کوەیت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەکارهێنانی هەموو تواناکانی بۆ پشتیوانیکردنی قەتەر و جەختیش دەکاتەوە لەوەی، ئاسایش و سەقامگیریی قەتەر بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و سەقامگیریی خۆی. لە هەمان کاتدا "ستایشی بەرپەرچدانەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی قەتەر دەکات بۆ ئەم هێرشە."
 

 

21:22

پەیامی نوێی ترەمپ لەبارەی هێرشەکان

پەیامی نوێی ترەمپ لەبارەی هێرشەکان
 
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت: ئەو شوێنانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج "بەتەواوی خاپوور بوون" و، بەشێک لە میدیاکانی وڵاتەکەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتبار دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی لە سۆشیاڵ تروس باسی لەوە کردووە کە "هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە ئەو شوێنانەی ئێمە لێماندان خاپوور بوون."
 
ترەمپ تائێستا هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەدید لە قەتەر دەرنەبڕیوە، بەڵام بەرپرسێک لە کۆشکی سپی بە میدیای ئەمریکی گوتووە، کە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانن.

 

 

21:20

پەیامی نوێی ترەمپ لەبارەی هێرشەکان

رووداو
 
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی ترەس شۆشیال دەڵێت: ئەو شوێنانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج "بەتەواوی خاپوور بوون" و بەشێک لە میدیاکانی وڵاتەکەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتبار دەکات.
 
هەروەها ترەمپ باسی لەوە کردووە کە "هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە ئەو شوێنانەی ئێمە لێماندان خاپوور بوون."
 
ترەمپ تائێستا هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەدید لە قەتەر دەرنەبڕیوە. بەڵام بەرپرسێک لە کۆشکی سپی بە میدیای ئەمریکی گوتووە، کە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانن.

 

 

21:05

هێرشەکەی ئێران زیانی گیانی بە هێزەکانی ئەمریکا گەیاندووە؟

هێرشەکەی ئێران زیانی گیانی بە هێزەکانی ئەمریکا گەیاندووە؟
 
ئێستا بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد و رایگەیاند، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بنکەی ئاسمانیی عەدید ئەمڕۆ بە مووشەکی بالیستیی کورت مەودا و مامناوەند مەودا کە لە ئێرانەوە هەڵدراون، هێرشی کراوەتە سەر."
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "لەم کاتەدا، هیچ راپۆرتێک نییە لەبارەی زیانی گیانیی هێزەکانی ئەمریکاوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم دۆخە دەکەین و زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە کاتێک بەردەست دەبێت."

 

 

 

20:47

پۆلیسی ئەنبار بۆ رووداو: هێرش نەکراوەتە سەر عەین ئەسەد

رووداو
 
لە سەرەتای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر، دەنگۆی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بڵاوبووەوە، بەڵام رووداو لەگەڵ پۆلیسی پارێزگای ئەنبار قسەی کرد و پۆلیس رەتیکردەوە هیچ هێرشێک کرابێت.
 
ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بنکەی عەین ئەسەد رووبەڕووی هیچ هێرشێک نەبووەتەوە و ئەو هەواڵانەشی لەوبارەوە باس دەکرێن، دوورە لەراستییەوە".
 
 

20:17

قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات: مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆمان هەیە

 
ماجد بن محەممەد ئەلئەنساری، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی تووندی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید دەکات و "بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و ئاسمانی وڵاتەکەی و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان"ـی لە قەڵەم داوە. 
 
گوتەبێژەکە جەختیشی کردووەتەوە کە دەوڵەتی قەتەر مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی خۆی دەپارێزێت بە شێوازێک کە لەگەڵ "شێوە و قەبارەی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایە و یاسای نێودەوڵەتیدا بگونجێت."
 
دکتۆر ئەلئەنساری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی قەتەر (قەنا) جەختی کردەوە کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی قەتەر هێرشەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە و بە سەرکەوتوویی رووبەڕووی مووشەکە ئێرانییەکان بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەتی بەرگری دواتر روونکردنەوەیەک لەبارەی وردەکارییەکانی هێرشەکەوە بڵاودەکاتەوە.
 

 

20:16

لێدوانێکی بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ رووداو لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر سەربازەکانیان لە قەتەر

رووداو
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سپی ئاگاداری هێرشەکەی سەر بنکەی عەدید-ن لە قەتەر و لێکۆڵینەوە دەکەن."
 

20:12

یەکەم لێدوان لە قەتەرەوە لەسەر زیانی هێرشەکانی ئێران

یەکەم لێدوان لە قەتەرەوە لەسەر زیانی هێرشەکانی ئێران
 
دەوڵەتی قەتەر سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت: بەرپەرچی سەرجەم مووشەکەکان درایەوە و زیانیان نەبووە.

 

 

20:09

چی دەزانین لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا

رووداو
نزیکەی کاژێر 19:45 خولەکی ئەمشەو ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردەسەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هەروەها میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئێران هێرشی کردووەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق. 
 
سوپای پاسداران ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە (مژدەی سەرکەوتن). 
 
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رووداوی گوت: وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سپی ئاگاداری هێرشەکەی سەر بنکەی عەدید-ن لە قەتەر و لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
هاوکات چەند بەرپرسێک بە CNBC ئەمریکی راگەیاندووە: "دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانە بۆ تاوتوێی هێرشەکان."
 

 

20:08

کاتی شاهۆ ئەمینە بۆ باسکردنی هێرشەکان

 
هێرشی ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە قەتەر دەستیپێکرد و لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتان لەنێویاندا عێراق زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. 
 
ئاژانسی رۆیتەرزیش دەڵێت، مووشەک ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کراوە. 
 
تاوەکو ئێستا بە فەرمی باسی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکانی دیکە نەکراوە.

 

08:16

ئێران و ئیسرائیل بە ئاگربەستەکەی ترەمپ رازی بوون

پاشماوەی بۆردوومانی ئێران لە بیرشیڤای ئیسرائیل. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند: هێزەکانیان شەش مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەی سەربازیی عەدید کردووە لە قەتەر.
 
ڤیدیۆی مووشەکەکان لە ئاسمانی قەتەر بیندران. 

 

وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێت، بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و مافی خۆیانە پارێزگاری لە خۆیان بکەن. 

لەم لایڤ بلۆگەدا دوایین زانیارییەکان و شرۆڤەی رووداوەکان دەبینن.