كێ دەستی قاسمی سولەیمانی كردەوە؟

24-03-2015
عەدنان سەید حوسێن
نیشانەکردن ئێران قاسم سولەیمانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

كێ دەستی قاسمی سلێمانی سەركردەی فەیلەقی قودسی لەعێراق و هەرێمی كوردستان بەوشێوەیەی ئێستای كردەوە؟ ئەوە پرسیارێكە نەك تەنها لەكوردستان و عێراق، بەڵكو لەئەمریكاش بۆتە رۆژەڤ.

پێش هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، بوونی قاسمی سلێمانی لەعیراق و ناوچەكە حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگر بوو، دیڤید پترایۆس(بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا) لەدوایین چاوپێكەوتنیدا دەیگێڕێتەوە، ساڵی 2008 بە بەرپرسێكی باڵای عێراقیدا ئەو پەیامەی بۆ ناردم، "من دەسەڵاتدارم لەعێراق، سوریا، لوبنان، غەزەو ئەفگانستان".

بەڵام حاجی (وەك پترایۆس ناوی دێنێ) پێشتر ژمارەی وێنەكانی لەپەنجەكانی دەست تێنەدەپەڕین، بەڵام لەدوای مانگی حوزیرانی رابردووەوە ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جمەی دێت لەوێنەكانی پیاوی سێبەردا وەك میدیای خۆراوا ناویان دەبرد.

رۆژێك دەستی لەملی هادی عامرییە لەشارۆچكەی ئامرلی، بۆ رۆژی دواتر لەناوچە كوردستانییەكانی وەك جەلەولاو سەعدییە دەردەكەوێ و بۆ دواتریش لەبەغداو كەربەلایە.

ئەوەی دەخوازم بیخەمەڕوو، سلێمانی بۆ بەوشێوە خۆی دەردەخات؟ پاڵنەرەكانی چین؟ كێ وایكردوە دەربكەوێ؟ 

دەركەوتنەكانی سلێمانی بەلای پترایۆس  و چاودێرە خۆراواییەكانەوە، جێی سەرسوڕمانەو بەگۆڕانكارییەكی گەورەی دەبینن، بەنیسبەت پیاوێكەوە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەسێبەردا كاری كردبێت.

لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا باراك حسێن ئۆباما، بەپەیامێكی جیاوازەوە لەجۆرج بوش خۆی دەرخست سیاسەتی ئۆباماو خاڵی سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكاندا گۆڕینی وێنەی ئەمریكا بوو لەپۆلیسێك بەسەر جیهانەوە بۆ وڵاتێكی جیاواز، ئەوە بانگەشەی سەرەكی بوو "چیتر ئێمە نابینە پۆلیسی جیهان".

ئۆباما راستگۆبوو لەبەڵێنەكانی لەئەفگانستان و عیراق كشایەوە، دەستێوەردانە دەرەكییەكانی كەمكردەوە، لە ئەزهەریشەوە پەیامی برایەتی بۆ جیهانی ئیسلامی و عەرەبی نارد.

لێرەوە زیاتر دەردەكەوێت، كێ دەستی سلێمانی كردەوەو عیراقی بۆ بەجێهێشت؟  سیاسەتەكانی ئۆباما بەرانبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆكاری سەرەكی گۆڕانی یاریەكە بوو، ئۆباما ئامادەنەبوو دەستێوەردان بكات لەو شۆڕشە ناوخۆییانەی لەمیسرو تونس و دواتر سوریا و لیبیا هەڵگیرسا، بەشداریەكەی لەلیبیاش زۆر سنورداربوو. دوای هەموو ئەو رووداوانەش لەسوریا هەفتەی پێشوو جۆن كیری داوای گفتوگۆی كرد لەگەڵ رژێمی سوریا (كە ئەمەش بەلای بەشێك لەهاوپەیمانەكانیەوە بەخیانەت وەسفكرا).

ئەمریكا دەیەوێت دبلۆماسییەت بەكاربهێنێ لەناوچەكەو ئێرانیش زۆرترین سوود لەو هەنگاوە دەبینێت، لەلایەك وادەكات تەمەنی حكومەتەكەی ئەسەد درێژەبكێشێ، لەلایەكی دیكەشەوە نفوزی خۆی لەناوچەكەدا دەردەخات.

دەگەڕێمەوە بۆ وێنەكانی سلێمانی، پیاوی سێبەر بۆ بەو شێوەیە دەركەوت؟ ئێران وڵاتێكی رۆژهەڵاتییەو وڵاتانی رۆژهەڵاتیش هەمیشە پێویستیان بەپاڵەوان و كاریزمایە، وێنەكانی سلێمانییش ئایكۆنی سەركەوتنی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لە عێراق، ئێران دەیەوێت بەو سەركەوتنانە كەموكوڕییە ناوخۆییەكان بشارێتەوەو قەناعەت بەهاووڵاتیانی خۆی بهێنێت ئەمە لەلایەك.

دۆستێكی ئێرانی پێیووتم سلێمانی (هاوشێوەی هاكان فیدان)، دەستبەرداری پۆستە سەربازییەكەی دەبێت و كاندیدی داهاتووی موحافیزكارەكان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەكۆماری ئیسلامی ئێران

ئەم تێڕوانینە زۆر نزیكە لەراستییەوە، سلێمانی ئەركە دەرەكییەكەی بەباشی بەڕێوەبرد، 

ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە لەئێرانیشدا ئەم سەربازە، ئاستە جەماوەرییەكەی بەرزدەبێتەوە بەپێی دوایین راپرسی پێگەیەكی تایبەت بەراپرسی كە لە 20ی ئازار ئەنجامدراوە، سلێمانی بەرێژەیەكی بەرچاو پێش هەریەك لە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و مورتەزا پادشایی كەوت.

 

كاتیەتی بەلای موحافیزكارانیشەوە سەركردەیەكی بەهێز لەئێران جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست، دواتر دەیكەن بەپیاوەتییەكیش بەسەر ئەمریكاوە ئەوا لەبەر خاتری ئێوە قاسمی سلێمانی لەعێراق دووردەخەینەوە!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە