ئەمریکا تیمەکەی لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە کشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی حەماس تیمی گفتوگۆیان بۆ ئاگربەستی غەززە گەڕاندەوە وڵاتەکەیان بۆ راوێژکردن. دەشڵێت، بە دوای بژاردەی جێگرەوەن بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە". 
 
دەشڵێت، "هەرچەندە نێوەندگیرەکان هەوڵی زۆریاندا, بەڵام حەماس نیەتێکی باشی نەبوو" بۆ ئاگربەست. 
 
ئەمڕۆ، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویکردەوە، رایگەیاند "هەر ئێستا وەڵامی خۆمان و لایەنە فەlەستینییەکانمان سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەست پێشکێشی نێوەندگیرەکان کردووە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا، لە وەڵامەکەدا، حەماس پێشنیازیی گۆڕانکاریی لەو خاڵانە کردووە کە ئەمریکا لە رێگەی ستیڤ ویتکۆفەوە بەتایبەتی لە بڕگەکانی تایبەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان، نەخشەی ئەو ناوچانەی کە دەبێت سوپای ئیسرائیل لێیان بکشێتەوە و هەروەها گەرەنتیدان بەوەی دوای ئەو 60 رۆژە، شەڕ کۆتایی بێت.
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، شاندی حەماس و ئیسرائیل لە دەوحە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا دانوستاندنیان کردووە وەکو هەوڵێکی نوێ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست کە ئازادکردنی بارمتەکان لەخۆبگرێت.
 
سەرەڕای ئەوەی دانوستاندنەکان بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام بوون، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات و هەردوولا یەکدیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە داواکارییە سەرەکییەکانی نێو پێشنیازەکە پاشگەز بوونەتەوە.
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا بیر لە رێگەی جێگرەوە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و رەخساندنی کەشێکی سەقامگیر بۆ خەڵکی غەززە دەکەینەوە. جێگەی شەرمە کە حەماس خۆپەرستانە کار دەکات". 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. دوای نزیکەی هەفتەیەک، ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا 250 کەس بە بارمتەگیران و زیاتر لە هەزار و 100 کەسیش کوژران. بە گوێرەی تەندروستیی غەززەش، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 59 هەزار و 587 کەس کوژراون و 143 هەزار و 498 کەسی دیکەش بریندار بوون.