رووداو - برۆكسل
لە كاتێكدا كە فۆكەسی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێز لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیایە لە عەفرینی رۆژئاوای كوردستان و میدیا جیهانییەكان باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی توركیا و ئەمریكا دەكەن لە مەنبج، لەم رۆژانەدا بەرەیەكی دیكەی رووبەڕووبوونەوەی توركیا لەگەڵ هاوپەیمانێكی دیكەی نێو رێكخراوی ناتۆ سەری هەڵدا كە ئەویش بریتی بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە دەریاییەكانی توركیا لەگەڵ كەشتییەكی هێزی دەریایی یۆنان لە دەریای ئیجەدا.
دەریای ئیجە و قوبرس.. ناكۆكیی مێژوویی نێوان توركیا و یۆنان
كێشەی دەریای ئیجە لە نێوان توركیا و یۆناندا كێشەیەكی لەمێژینەیە كە لە سەرەتای ساڵانی 1970 وە لەئارادایە. كێشەكە لەلایەك پەیوەندی بە مافی خاوەندارێتی 26 وردە دوورگەی ناو دەریای ئیجەوە هەیە كە بە یۆنانی بە (ئیمیا) و بە توركی بە (كارداك) ناسراون و بێ دانیشتووانن.
هەرچەندە بەپێی پەیمانی لۆزانی ساڵی 1923، خاوەندارێتی ئەو زنجیرە دوورگەیە بە یۆنان بەخشراوە، بەڵام كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەردوو وڵات یاسای نێودەوڵەتیی جودا پەیڕەو دەكەن سەبارەت بە مافی خاوەندارێتی هەوا و ئاو و ناوچەی ئابووری لە چواردەوری ئەو دوورگانەدا.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دەریاكان، وڵاتان خاوەندارێتی 6 میلی دەریایی لە كەنارە ئاوییەكانیان دەكەن كە دەكاتە 11 كیلۆمەتر، بەڵام لە جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكانی تایبەت بە یاسای دەریاكان لە ساڵی 1982، مافی خاوەندارێتی كەناری دەریاكان و چواردەوری دوورگەكان زیاد كرا بۆ 12 میلی دەریایی. بەوپێیەی كە زۆربەی هەرەزۆری دوورگە و وردە دوورگەكانی دەریای ئیجە موڵكی یۆنانن، ئەو جاڕنامەیە لە قازانجی یۆنان دەبینرا و هەرزوو یۆنان پابەندبوونی خۆی بەم جاڕنامەیەوە راگەیاند.
هەرچی توركیایە جاڕنامەكەی وەك مەترسییەك دەبینی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی جموجۆڵی خۆی لە دەریای ئیجەدا و لەو سۆنگەیەشەوە جاڕنامەكەی رەتكردووەتەوە. لەو كاتەوە كێشەی دەریای ئیجە لە نێوان توركیا و یۆنان قووڵتر بووەتەوە و لە ساڵەكانی 1987 و 1996دا تا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوانیاندا چوون.
لەم ماوەیەدا جارێكی دیكە كێشە لەسەر دەریای ئیجە سەری هەڵداوەتەوە. لە 28ی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا وەزیری بەرگریی یۆنان (پانۆس كامێنۆس) بە مەبەستی دانانی تاجەگوڵینە سەردانی وردە دوورگەكانی ئیمیای كرد، بەڵام كەشتییە جەنگییەكانی توركیا ڕووبەڕووی وەستانەوە و ناچاریان كرد بگەڕێتەوە ئەو جێگەیەی لێوەی هاتبوو. دوابەدوای ئەم ڕووداوە، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوە راگەیاند و وەك "كردەوەیەكی شەڕەنگێزی" لەلایەن توركیاوە ناوی برد.
شەوی 12-13 ی ئەم مانگەش دیسان كەشتییە جەنگییەكانی توركیا و یۆنان بەرامبەر یەك وەستانەوە كاتێك كەشتییەكی هێزی دەریایی یۆنانی دەیویست لە وردە دوورگەكانی ئیمیا نزیك ببێتەوە و لەلایەن كەشتییەكی جەنگیی توركیاوە رێگریی لێكرا. یۆنان جارێكی دیكە تووڕەیی و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتەی توركیا راگەیاند و ئەو ڕووداوەش بووە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێكی سیاسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا. هەرچەندە لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیی نێوان (بیناڵی یڵدرم) سەرۆكوەزیرانی توركیا و (ئەلێكسیس سپیراس)ی سەرۆكوەزیرانی یۆنان لە 13ی ئەم مانگەدا، هەوڵی دامركاندنەوەی كێشەكانی دەریای ئیجە درا، بەڵام وا دەردەكەوێ كە كێشە و ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێو دەریای ئیجە سەرەتای قۆناغێكی دیكەی كێشەی سیاسی بن لە نێوان توركیا و یۆناندا.
لەلایەكی دیكەوە هەفتەی ڕابردوو كەشتییە جەنگییەكانی توركیا لە كەنارەكانی قوبرس رێگرییان لەو كەشتییانە كرد كە سەرگەرمی دەرهێنانی گازی سروشتین لە كەنارەكانی قوبرس. بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند كە توركیا ڕێگری لە دەرهێنانی گازی سروشتی لەلایەن حكومەتی قوبرسی یۆنانی-یەوە بەشێوەی "تاكلایەنە'' دەكات تا ئەو كاتەی كە كێشەی قوبرس چارەسەر دەكرێ، چونكە پێیوایە لەو نێوەندەدا مافی بەشە توركییەكەی قوبرس پێشێل دەكرێ.
ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا وەكو ناوبژیوان
بەوپێیەی هەردوو وڵاتی توركیا و یۆنان پێگەیەكی جیۆپۆلەتیكی گرنگیان بۆ رۆژئاوا هەیە، بە درێژایی سەدەی بیستەم ئەمریكا وەك سەركردەی دیفاكتۆی بەرەی رۆژئاوا و سەردەستەی ناتۆ، هەمیشە لە هەوڵی دامركاندنەوەی ئەو كێشە و ئاڵۆزییانەدا بووە كە لە نێوان توركیا و یۆنان لەلایەك لەسەر دەریای ئیجە و لەلایەكی دی لەسەر قوبڕس سەریان هەڵداوە. ئەمجارەش ناتۆ و ئەمریكا دیسان بەپەلە هاتنە سەر خەت بۆ هێوركردنەوەی ئەو تەنگژانەی كە لە دەریای ئیجەدا هاتوونەتە كایەوە.
لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا كە لە 14/2/2018 لە برۆكسل ئەنجامدرا، گرژییەكانی نێوان توركیا و یۆنان لەلایەك و توركیا و قوبرس لەلایەكی دی باسیان لێوەكرا و ناتۆ هەوڵ دەدا وەك ناوبژیوانێك ئەو گرژیانە لە نێوان ئەندامەكانی خۆیدا بڕەوێنێتەوە. بەڵام بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، ئەو ساردییەی لە نێوان ئەمریكا و توركیادا هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریكا ئەمجارە كەمتر لە پێشوو بە گوڕوتینەوە هەوڵە دیبلۆماسییەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی گرژییەكانی توركیا لەگەڵ یۆنان و قوبرس.
هەرچی یەكێتیی ئەوروپاشە، سەرەڕای دووپاتكردنەوەی تێگەیشتنی خۆی بۆ نیگەرانییەكانی یۆنان و قوبرس بەرامبەر توركیا و داواكردن لە توركیا بە "ڕێزگرتن لە بنەماكانی پەیوەندی دۆستانەی دراوسێیەتی"، بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكات بۆ ئەوەی وەك لایەنگیر دەرنەكەوێ. هۆكاری ئەم هەستیارییەی یەكێتی ئەوروپاش بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە كە یەكێتی ئەوروپا هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی كۆچ و كۆچبەران و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكانی سووریاوە بۆ ئەوروپا، پێویستی بە توركیایە بۆ بەرگرتن لەو قەیرانە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە دڵی توركیا راگرێ.
لەو چوارچێوەیەدا وا بڕیارە لە مانگی ئاداری داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی لووتكە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیی ئەوروپا و رەجەب تەیب ئەردۆگان-ی سەرۆك كۆماری توركیاوە لە سۆفیا-ی پایتەختی بولگاریا بەڕێوەبچێ. ئێستا یەكێتیی ئەوروپا هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەكانی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو كۆبوونەوەی لوتكەیە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ.
توركیا و بەرەی رۆژئاوا و نەمانی متمانە
جگە لە گوتارە ئاگرینەكانی سەرۆككۆمار ئەردۆگان بەرامبەر ئەمریكا و سەرانی ئەوروپا، لە ئەرزی واقیعدا توركیا بە كڕینی سیستەمی بەرگریی S400 لە ڕووسیا، هەنگاوێكی كردەیی ناوە بە ئاڕاستەی دووركەوتنەوە لە بەرەی ناتۆ و خۆنزیككردنەوە لە ڕووسیا. ئەمەش نیگەرانیی قووڵ و بێمتمانەیی وڵاتانی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپای بەرامبەر بە توركیای ئەردۆگان خولقاندووە. لە لای خۆشیەوە توركیا متمانەی بە ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا نەماوە و هەمیشە بە گومانەوە لە هەڵوێستی ئەم لایەنانە دەڕوانێ و وەك كردەی دوژمنكاری دژی خۆی لێكیان دەداتەوە. بێمتمانەیی توركیا لە ڕۆژئاوا بە ڕوونی لە ریتۆریكی سیاسی بەرپرسانی توركیادا ڕەنگیداوەتەوە.
بەرپرسانی توركیا بەردەوام ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرگەرمی دامەزراندنی كیانێكە بۆ پەكەكە دژ بە دەوڵەتی توركیا لە باكووری سووریا. ئەم بێمتمانەییەی توركیا لە ئەمریكا و ئەوروپا گەیشتووەتە ئاستێك كە بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، (یەگیت بولوت) ڕاوێژكاری سەرۆككومار ئەردۆگان، ئەمریكای بەوە تاوانبار كردووە كە لە هەوڵی ئەوەدایە یۆنان دژ بە توركیا هانبدات لە پێناوی هەڵگیرسانی بەرەیەكی دیكەی جەنگ بۆ توركیا. لە كۆبوونەوەی 13/2/2018ی سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاكەپە، ئەردۆگان هۆشداری دایە یۆنان و قوبرس كە هەنگاوی هەڵە بە ئاڕاستەی خوڵقاندنی جەنگ نەنێن و بە ئاشكرا ڕایگەیاند كە بە نیسبەت توركیاوە دەریای ئیجە بەرەیەكی دیكەی شەڕە لەچەشنی عەفرین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ