بەعس لە ئوردن مۆڵەت وەردەگرێت و لە عێراق ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

25-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەى هەڵبژاردنەکانى ئوردن مۆڵەت دەداتە حیزبى بەعس بۆ دەستپێکردنى چالاکیی سیاسی و ئەو هەنگاوە ناڕەزایی لە عێراق لێدەکەوێتەوە. لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى لە پەرلەمانى عێراق داوادەکات یاداشتى ناڕەزایی بدرێتە باڵیۆزى ئوردن لە بەغدا، ئەندامێکى لێژنەکە دەڵێت: "شیعەکان ترسیان هەیە حیزبی بەعس لە عێراق خۆی رێکبخاتەوە."
 
لە 14ى ئایارەوە دەستەى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى ئوردن مۆڵەتى کارکردنى بە 26 پارتى نوێ داوە، کە یەکێکیان حیزبى بەعسە، تاوەکو لەو وڵاتە کاربکەن و چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن.
 
25ى ئایارى 2023، لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا مۆڵەتدان بە حیزبى بەعس لە ئوردن بەپێشێلکردنى رێککەوتنەکانى نێوان هەردوو وڵات زانیوە و ئاماژە بەوەداوە کە کۆبوونەوە ئاشکراکانى حیزبى بەعس لەو وڵاتە بۆ"پیلانگێڕییە" لەدژى گەلى عێراق و داواى لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق کردووە باڵیۆزى ئوردن لە بەغدا بانگهێشت بکەن و یاداشتێکى ناڕازایەتى رادەست بکەن.
 
شوان محەممەد، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو هەنگاوەى ئوردن بۆ مۆڵەتدان بە حیزبى بەعس ترسی لەلاى شیعەکان دروستکردووە لەوەى کە حیزبی بەعس رێکخستنەکانی رێکبخاتەوە و تەشەنە بکەنەوە ناو عێراق، لەکاتێکدا دۆخى عێراق ناسەقامگیرە. 
 
شوان محەممەد گوتیشى: "مەترسیەکى دیکە ئەوەیە کە ئێستا پەیوەندى نێوان ھێزە سوننەکانیش لەعێراق باش نییە و ترس هەیە حیزبى بەعس سود لەو ناکۆکیانەش وەربگرێت بۆ بەهێزکردنەوەى خۆى لەعێراق". 
 
ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەشێک لە هێزە شیعەکانى لەعێراق لێکەوتەوە و مەکتەبی سیاسى حیزبى دەعوەى ئیسلامى بە سەرۆکایەتى نوورى مالیکى، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو هەنگاوەى کرد و بە "دوژمناکارانە" ناوى بردووە.
 
حیزبى بەعس لە دواى ساڵى 2003 لەعێراق هەڵوەشێندرایەوە بەیاسا قەدەخەى کار و چالاکى سیاسى لێکرا، لەدوای زیاتر لە 24 ساڵ لە دەسەڵات لە عێراق.
 
لەدواى رووخانى دەسەڵاتى پێشوو لە عێراق، خێزانى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشوترى عێراق و بەشێک لەبەرپرسانى حیزبى بەعس پەنایان بۆ وڵاتى ئوردن برد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە