ئەردۆغان بۆ رووداو: بەمنزیکانە لەگەڵ دەم پارتی کۆدەبمەوە

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد لە وڵاتەکەی "زۆرباشە" و دەڵێت: "هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە" و بەمنزیکانە چاوی بە سیاسەتڤانانی دەم پارتی دەکەوێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی سێشەممە، لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ لووتکەی ناتۆ لە لاهای هۆڵەندا گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکەمان زۆر باشە، من وەک سەرۆککۆماریان هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا هەموو شتێک زۆرباشە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا "توانا و سەنگێکی بەهێزیان هەیە" و کارەکانیان بە باشی بەڕێوەدەبەن.
 
سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سیاسەتڤانانی کورد، ئەردۆغان باسی لە کۆبوونەوەیەکی پێشووی خۆی کرد لەگەڵ سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و گوتی: "داوای دیداریان کردم، منیش لەگەڵیان لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبوومەوە."
 
هەروەها ئەردۆغان ئاشکرای کرد، کە چاوەڕێی دیداری نوێ دەکات و گوتی: "پێموایە داوای کۆبوونەوە و دیداری نوێ دەکەن و بەمنزیکانە لەگەڵیان کۆدەبینەوە. وەک گوتم هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە."
 
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر یەکپارچەیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: "لە وڵاتەکەم کورد، تورک، لاز، چەرکەز و عەرەب هەموومان یەکین. پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی ئەرکی منە. ئەمەش بە باشترین شێوە دەکەین."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیا: 
 
زنار شینۆ: زۆر سوپاس، بەرێز جەنابی سەرۆک. من زنار شینۆم لە تۆڕی میدیایی رووداو. دەمەوێت لەسەر پرسێک پرسیارت لێ بکەم کە هێشتا بەردەوامی هەیە، ئەویش پرسی چەکدانانی پەکەکەیە دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتەکە. پرسیارەکە کە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێن ئەوەیە کە هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت، لەبەر ئەوەی نازانین کە ئێستا چی دەگوزەرێت، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پرسە بهێنن؟ هەروەها دەمەوێت بزانم پەیامی تایبەتی تۆ بۆ گەلی کورد، نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە چییە؟
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان: پەیوەندیمان لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکەمان من وەک سەرۆککۆماریان هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا هەموو شتێک زۆرباشە، لە پەرلەمان توانا و سەنگێکی بەهێزیان هەیە. ئەوانیش کە کێشەیەکی وەهایان نییە کارەکانیان بە باشی بەڕێوەدەچێت. داوای دیداریان کردم، منیش لەگەڵ خوالێخۆشبوو سری سورەییا ئۆندەر و پەروین خان لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێکەوە کۆبووینەوە. پێموایە داوای کۆبوونەوە و دیداری نوێ دەکەن و بەمنزیکانە لەگەڵیان کۆدەبینەوە. وەک گوتم هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە. لە وڵاتەکەم کورد، تورک، لاز، چەرکەز و عەرەب هەموومان یەکین. پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی ئەرکی منە. ئەمەش بە باشترین شێوە دەکەین.