ئیسرائیل: رێگە بە ئوردن و ئیمارات دەدەین لە ئاسمانەوە خواردن بۆ خەڵکی غەززە بخەنە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل رایگەیاند، بەمزووانە رێگە بە ئوردون و ئیمارات دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی فڕێدانەخوارەوەی هاوکاری مرۆیی لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ کەرتی غەززە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردووش هەردوو وڵات هەمان کاریان کردووە.
 
بەرپرسی هەماهەنگی کاروباری حکومەتی تەلئەڤیڤ لە ناوچەکان (COGAT) رایگەیاندووە کە ئەم هەوڵانە بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل (IDF) ئەنجام دەدرێن. بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بڕیارە ئوردون یەکەم گەیاندنی هاوکاری لە رێگەی ئاسمانەوە ئەنجام بدات، کە رەنگە هەر ئەمڕۆ دەست پێ بکات.
 
ساڵی رابردوو، سوپای ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئوردون، میسر و فەرەنسا، دەیان هەزار پاکەتی خۆراکییان لە باکوری غەززە فڕێدایە خوارەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە مانگی ئاداری 2024دا، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە کاتی فڕێدانەخوارەوەی هاوکارییەکان، پێنج هاوڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا.
 
ئەم بڕیارە نوێیە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لە قاهیرە و دەوحە لەنێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و لایەنەکانی ئەمریکا، میسر، قەتەر و ئوردون بەردەوامە سەبارەت بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.