فیرقەی 82ـی بژاردەی ئەمریکا گەیشتە بنکەی دیێگۆ گارسیا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جموجووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو زەریای هیندی بەردەوامە. فیرقەی 82ـی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا کە یەکەیەکی بژاردەیە، گەیشتوونەتە بنکەی ستراتیژیی دیێگۆ گارسیا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری هێرشی وشکانی لە جەنگی ئێران دا دەبینرێت.

وێنەی مانگە دەستکردەکان گەیشتنی کەشتیی جەنگیی (USS Tripoli)یان لە بنکەی دیێگۆ گارسیا تۆمار کردووە، کە وەک وێستگەیەکی لۆجستی بەکاری دەهێنێت بەرلەوەی بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێ بکەوێت. بەپێی راپۆرتی گۆڤاری (نیوزویک)، ئەم کەشتییە دەچێتە ناو جەرگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی فیرقەی 82ـی ئاسمانی، کە پسپۆڕن لە دابەزینی خێرا لە ناو خاکی دووژمن و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە هەستیارەکان. بڕیارە 3,000 سەربازی ئەم یەکەیە بچنە پاڵ ئەو 5,000 سەربازەی مارێنز کە ئێستا لە رێگەدان، بەوەش کۆی گشتیی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگاتە نزیكەی 50,000 سەرباز.
 
شرۆڤەکارە سەربازییەکان پێیان وایە ئەم بڵاوکردنەوەی هێزە بۆ ئامادەکارییە بە مەبەستی ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر دوورگەی (خارگ). ئەم دوورگەیە شا دەماری ئابووریی تارانە و 90٪ـی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە دەکرێ. پێشتر ئەمریکا چەندین گورزی ئاسمانی لەم دوورگەیە داوە، بەڵام ترەمپ باسی لەوە کردووە کە دەتوانێت بە تەواوەتی "وێرانی" بکات ئەگەر تاران خۆی بەدەستەوە نەدات.
 
ئەم فیرقەیە تایبەتمەندییەکی هەیە کە دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە 18 کاژێردا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بێت و دەست بە ئۆپەراسیۆن بکات بێ ئەوەی پێویستی بە تانکی قورس بێت. ئەمەش رێگە بۆ کردنی هێرشی کتوپڕ خۆش دەکات، هەرچەندە مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی پێچەوانەی زۆریشی لە سەرە.
 
بنکەی دیێگۆ گارسیا کە لە زەریای هیندی دایە، بنکەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیایە، ناوەندێکی سەرەکییە بۆ هەموو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. پێشتر ئێران هەوڵی دابوو بە مووشەکی بالیستی لەم بنکەیە بدات، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە