تەندروستیی غەززە بۆ رووداو: 303 کەس لە برسا مردوون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە دەڵێت، 30%ی کوژراوانی کەرتی غەززە منداڵن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا 303 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین لەبرسا مردوون.
ئەمڕۆ سێشەممە د. مونیر بەرش، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی کوژراوان نزیکەی 62 هەزار کەسە و 158 هەزار کەسیش بریندارن. نزیکەی 18 هەزار و 592 لە کوژراوان منداڵن، کە دەکاتە 30%ی کۆی گشتیی کوژراوان و 9782 ژنیش کوژراون، کە دەکاتە 16%ی کۆی گشتیی کوژراوانی کەرتەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە گوتی، ژمارەی ئەو کەسانەی لەبرسا مردوون گەیشتووەتە 303 کەس، کە 117یان منداڵ بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا دوێنێ 11 کەس و ئەمڕۆش 3 کەس لەبرسا مردوون.
د. مونیر بەرش رایگەیاند، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی قاتوقڕیی لە غەززە راگەیاند، ئیسرائیل هیچ شتێکی پێشکێش نەکردووە و هێشتاش رێگە نادات خۆراک بگاتە کەرتەکە.
د. مونیر بەرش ئاماژەی بەوەش کرد، "رۆژانە پێویستمان بە دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانە؛ کورتهێنانێکی گەورەمان لە دەرماندا هەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 38 نەخۆشخانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، کە 16 نەخۆشخانەیان بە نیوەچڵی کار دەکەن، ئەوەش جگە لە بۆردوومانکردن و بەئامانجکردنی زیاتر لە 103 بنکەی تەندروستی.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو نێوەڕاستی ئایار، ئیسرائیل سەرجەم هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە راگرت، لەو کاتەوەش رۆژانە بە شێوەیەکی زۆر سنووردار هاوکاری دەگەیێندرێتە کەرتەکە.