ساروهان ئۆلوچ: هیوادارم هەفتەی داهاتوو لەبارەی سووریاوە هەواڵی خۆش ببیستین
رووداو دیجیتاڵ
ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی تورکیا رایگەیاند، هیوادارە هەفتەی داهاتوو "هەواڵی خۆش" لەبارەی سووریاوە ببیستن و ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە.
ساروهان ئۆلوچ گوتی، دۆخێکی ئەرێنی لە سووریا هەیە و رایگەیاند: "لە سووریا پرۆسەیەک بەڕێوەدەچێت جیاوازە. ویستێکی سیاسی هەیە ئەم پرۆسەیە لە سووریا بەڕێوەدەبات. دانوستاندنەکانی ئیدارەی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و بەڕێوەبەرایەتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە نوێنەرایەتیی مەزڵووم عەبدی لەبارەی رێککەوتنی 10ی ئادار بەردەوامە. پێموایە دانوستاندنەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هیوای خواست گۆڕانکاری ئەرێنی لە سووریا رووبدات و گوتی: "گەشبینم. هیوادارم هەفتەی داهاتوو هەواڵی خۆش ببیستین."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانێکی دیکە بۆ ئیمراڵی، ساروهان ئۆلوچ رایگەیاند: "شاندەکەمان کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان تەواو کردووە. پێموایە لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆککۆمار دەبێت. دوای ئەو کۆبوونەوەیە، سەردانێکی دیکەی ئیمراڵی دەکرێ بۆ هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بابەتانە."
ئۆلوچ گوتی، تورکیا لە قۆناخی پرۆسەی چارەسەریدا پێویستی بە رێکخستنەوەیەکی گشتگیر لە یاسای سزادان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای جێبەجێکردنی سزا هەیە و گوتی: "پێویستە یاسایەکی نوێ دەربکرێ. چۆنیەتیی ئەو یاسایە، ئاراستەی داهاتووی پرۆسەکە دیاری دەکات."
ساروهان ئۆلوچ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستیان بە رێکخستنێکی یاسایی نوێیە سەبارەت بەو کەسانەی چەک بەکارناهێنن، واز لە چەک دەهێنن یان دەیسووتێن بۆ ئەوەی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتووری نوێ ئامادە بکرێن.
سەبارەت بە کارەکانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانیش، ئۆلوچ گوتی، ئامانجیان ئامادەکردنی دەقێکی چوارچێوەی هاوبەشە و ئەگەر کێشەیەکی گەورە نەیەتە پێش، رەشنووسی دەقە هاوبەشەکە لە نێوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی 2026 ئامادە دەبێ.