ئەردۆغان و ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد

19 خولەک له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین دۆخی سووریا کرد. ئەردۆغان رایگەیاند، گرنگییەکی زۆر بە پرسی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا دەدەن و لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئەمریکا، دۆخی سووریا، کارەکانی "لیژنەی ئاشتیی غەززە"، پیشەسازیی بەرگری و پێشهاتەکانی سووریا، ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کراون.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردووەتەوە وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبوون لە سووریا دەدات و بۆ چاودێریکردنی نزیکی ئەم پرۆسەیەش لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و سووریا لە هاوئاهەنگیدایە.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی نێوان ئەنقەرە و واشنتن هەنگاو دەنێن و گەیاندنی پەیوەندییەکان بە ئاستێکی بەرزتر لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرۆکی هەردوو وڵات بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پیشەسازیی بەرگری و پەیوەندییە بازرگانییەکان وەستاون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دۆخی غەززەش هیوای خواستووە "دەستەی ئاشتیی غەززە" کارەکانی بە باشی ئەنجام بدات؛ هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە کارەساتی مرۆیی لە غەززە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، رێگە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکە دەکرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە

دیمەشق و عەممان رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد

سووریا و ئوردن رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی نوێیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ سووریا لە رێگەی خاکی ئوردنەوە واژۆ کرد، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە کە تۆڕی کارەبای سووریا بەهێزبکرێتەوە.