وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێشبینی دەکەین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە 2 هەفتەدا کۆتاییان بێت
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە پاریس هێرشێکی تووندی کردە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و بە "درۆزن" ناوی برد؛ هاوکات رایگەیاند کە واشنتن لە چەند هەفتەیەکی کەمدا بەسەر ئێراندا سەردەکەوێ و ئەگەری گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکراینا بۆ بەرەی جەنگی ئێرانیش لە ئارادایە.
تۆمەتبارکردنی زێلێنسکی بە درۆکردن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە فەرەنسا، وەڵامی لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینای دایەوە کە گوتبووی واشنتن گوشاری لێ دەکات دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس بێت بۆ رووسیا. رووبیۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوە درۆیە. بەداخەوەم کە زێلێنسکی شتێکی وەها دەڵێت، چونکە خۆی دەزانێت کە راست نییە."
رووبیۆ روونیکردەوە کە ئەمریکا تەنیا ئەوەی بە ئۆکراینا گوتووە کە گەرەنتییە ئەمنییەکان ناکەونە واری جێبەجێکردنەوە تاوەکو جەنگ کۆتایی نەیێت.
مارکۆ رووبیۆ ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی ئامادەیە ئەو هاوکارییە سەربازییانەی بۆ کێیڤ تەرخانکراون، ئاراستەکەیان بەرەو جەنگی دژی ئێران بگۆڕێت. رووبیۆ گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕدراوە، بەڵام دەکرێ ئەوە رووبدات. ئەگەر شتێکمان بۆ ئەمریکا پێویست بێت، ئەوا یەکەمجار بۆ ئەمریکای دەهێڵینەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیژی "ئەمریکا لەپێشینەیە" لەم دۆخەدا جێبەجێ دەکرێت.
کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران لە "چەند هەفتەیەکدا"
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆسەر تاران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە ئامانجەکانی واشنتن لە نێو ئێراندا لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەدی دێن.
رووبیۆ جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەتوانێت بێ ناردنی هێزی زەوینییش ئامانجەکانی بپێکێت و گوتی: "کاتێک لە چەند هەفتەی داهاتوودا کارمان لەگەڵیان تەواو دەبێت، ئێران لە هەموو کاتێکی مێژووی نوێی خۆی لاوازتر دەبێت."
پەیامەکانی تاران و دۆخی تەنگەی هورمز
لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، رووبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران هێشتا وەڵامی فەرمیی بۆ پێشنیازی ئاشتیی ئەمریکا نەناردووە، بەڵام چەند "پەیامێکی" ئاڵوگۆڕ کردووە کە نیشانەی ئارەزووی تارانە بۆ گفتوگۆکردن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دایە تاران لەبارەی هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی "باجی تێپەڕین" لەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمز تێپەڕ دەبن. رووبیۆ ئەم هەنگاوەی بە "نایاسایی و مەترسیدار بۆ جیهان" ناوبرد و رایگەیاند کە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوڕان لەسەر داڕشتنی پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیەی ئێران.