راپۆرتێک: ئیمارات بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز هێزی دەریایی رەوانە دەکات و هاوپەیمانییەک پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، ئیمارات بە هاوپەیمانەکانی راگەیاندووە، ئامادەیە بەشداری لە هێزێکی دەریایی نێودەوڵەتی دا بکات بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و پاراستنی جموجووڵی بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی جیهان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردووە، ئیمارات بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای راگەیاندووە کە نەک تەنیا بەشدار دەبێت، بەڵکو هێزی دەریایی خۆشی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "مەبەستی سەرەکی لە هەنگاوەکە دروستکردنی فراوانترین هێزی نێودەوڵەتییە. مەبەستەکە شەڕکردن نییە لەگەڵ ئێران، بەڵکو ئێران شەڕی دژی ئابووریی جیهان راگەیاندووە و پێویستە جیهان هەڵوێستی هەبێت."
ئیمارات کە خاوەنی هێزێکی دەریایی بچووک بەڵام مۆدێرنە، هەوڵ دەدات دەیان وڵات رازی بکات بۆ پێکهێنانی هێزێک بەناوی "هێزی پاراستنی هورمز". ئامانجی ئەم هێزە پاراستنی کەشتییەکان و شکاندنی ئەو گەمارۆیەیە کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن لە وڵاتانی کەنداو.
ئیمارات و بەحرێن کار لەسەر پڕۆژە بڕیارێک دەکەن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی رەوایەتی بدەنە ئەو هێزە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت رووسیا و چین دژی بوەستنەوە.
سوڵتان جابیر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئیمارات، لە واشنتن لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و رایگەیاند: "ئێران تەنگەی هورمزی بە بارمتە گرتووە، هەموو وڵاتانی جیهانیش باجەکەی دەدەن."
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زۆر پشتگیری لە کردنەوەی تەنگەکە دەکات. کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ، ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات کەشتییەکان بتوانن بە ئازادانە بە تەنگەکەدا تێپەڕن.
لە نێو وڵاتانی کەنداودا، تەنیا بەحرێن بە فەرمی پشتگیری لە پلانەکەی ئیمارات کردووە. سعودیە هەرچەندە لە هێرشەکانی ئێران تووڕەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەی وەرنەگرتووە.