راپۆرتێک: وڵاتانی کەنداو بە ئەمریکایان گوتووە کە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەس نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوار سەرچاوەی ئاگادار لە وڵاتانی کەنداو بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەو وڵاتانە بە ئەمریکایان گوتووە، دەبێت هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران لە راگرتنی شەڕ زیاتر بێت، واتە پێویستە توانا درۆن و مووشەکییەکانی ئێران بە هەمیشەیی سنووردار بکرێن و گەرەنتی بکرێت کە چی دیکە دابینکردنی وزەی جیهانی وەک "چەک" بەکارناهێندرێ.
 
مۆڵەتەکەی ترەمپ و سیستمی نوێی ناوچەکە
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتەکەی بۆ تاران درێژکردووەتەوە تاوەکو تەنگەی هورمز بکاتەوە، کە 20٪ی نەوت و گازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت، ئەگەرنا وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە وێران دەکرێن. 
ئێستا بۆ بڕیاربەدەستانی کەنداو پرسیارەکە ئەوە نییە جەنگەکە چۆن کۆتایی دێت، بەڵکو ئەوەیە دوای جەنگ چ جۆرە سیستمێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا دەبێت.
 
ئاگربەستی سادە بەس نییە
 
یوسف عوتەیبە، باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی: "تەنیا ئاگربەستێکی سادە بەس نییە. ئێمە پێویستمان بە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوەیە کە هەموو هەڕەشەکانی ئێران چارەسەر بکات: توانای ئەتۆمی، مووشەک، درۆن، گرووپە تیرۆریستییە بریکارەکان و گەمارۆدانی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان."
یوسف عوتەیبە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر رێککەوتنێک تەنیا جەنگ رابگرێ  ئەمانە چارەسەر نەکات، تەنیا دواخستنی تەنگژەی داهاتووە.
 
دابەشبوونی هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو
 
بەگوتەی سەرچاوەکان، لە نێو وڵاتانی کەنداودا دوو ئاراستە هەیە. وەک رۆیتەرز دەڵێ، قەتەر، عومان و کوێت لە پشت پەردەوە گوشار بۆ کۆتاییهێنانێکی خێرا بە جەنگ دەکەن، چونکە لە لێکەوتە ئابوورییەکان و تۆڵەی ئێران دەترسن.
 بەڵام ئیمارات، سعودیە و بەحرێن دەڵێن، ئامادەن بەرگەی پەرەسەندنی جەنگ بگرن و نایانەوێ ئێرانێک ببینن کە دوای جەنگ هێشتا بتوانێت تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار بەکاربهێنێت.
 
ئەنوەر قارقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، رایگەیاندووە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لێکەوتەی جیۆپۆلەتیکی قووڵیان هەبووە و تارانی وەک هەڕەشەی سەرەکی لە بیرکردنەوەی ستراتیژیی کەنداودا جێگیر کردووە. قارقاش دەڵێت ئەنجامەکە بریتی دەبێت لە هاوپەیمانییەکی ئەمنیی قووڵتر لەنێوان ئیمارات و واشنتن و گوتیشی: "ئەمە باجی لێکدانەوە هەڵەکانی ئێرانە."
 
ئێران هەموو سنوورەکانی بەزاندووە
 
جاسم بودەیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو دەڵێ، ئێران بە ئەنجامدانی 5,000 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە، ژێرخانی مەدەنی و هاتووچۆی دەریایی، "هەموو سنوورەکانی بەزاندووە." 
 
بودەیوی باس لەوە دەکات کە هەرچەندە رێگەی سیاسییان پێ باشە، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە مافی بەرگریکردن لە خۆیان دەپارێزن.
 
ترس لە هێرشی زەمینی بۆ سەر دوورگەی خارگ
 
بەپێی رۆیتەرز، ترەمپ خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەوەی ئایا هێزی زەوینی بنێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک یان نا، کە 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە دەکرێ. 
 
تاران هۆشداری داوە کە هەر وڵاتێک هاوکاریی هێرشێکی وەها بکات، ژێرخانە هەستیارەکانی دەکرێنە ئامانج.
 
هەندێک لە هاوپەیمانەکانی کەنداو هۆشدارییان داوەتە واشنتن لە دابەزاندنی سەرباز لە دوورگەی خارک، چونکە دەترسن جەنگەکە فراوانتر بێت و ئێران تۆڵەیەکی سەخت لە ژێرخانی وزەی وڵاتەکانی ئەوان بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، داوا لە واشنتن دەکەن بەردەوام بێت لە پەکخستنی توانای مووشەکیی ئێران .

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەم وێنەیە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

چاوەڕوان دەکرێ ئێران ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا بداتەوە

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکییان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ هەینی ئێران وەڵامی خۆی بۆ چوارچێوەی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی ئاراستەی واشنتن بکاتەوە.