رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
نێچیرڤان بارزانی لە فڕۆکەخانەی عەممان لەلایەن شازادە عەلی بن حوسێن، برای شای ئوردن پێشوازی لێکرا.
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025 نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆدەبێتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمیانی سەردانەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووهم کوڕی حوسێن، شای ئوردن کۆدهبێتهوه و پتهوکردنی پەیوەندییهکانی ههردوولا و هاریکاریی هاوبهشی عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ شانشینی ئوردن، تاوتوێ دهکهن.
ههر لهو چوارچێوهیهدا و بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئوردن دیدار و کۆبوونهوهی دهبێت.
سەردانەکە راستەوخۆ دوای بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس دێت. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە بۆ ئوردن، پێشتر و لە ساڵی 2021 لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم پێشوازیی لێکرابوو.
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن
یەکەم: پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئوردن و عێراق لە ساڵی رابردوودا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بووە، هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی سەرنجی کۆمپانیا ئوردنییەکان، کە ئێستا لقی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 108. ئەم پەیوەندییە بووەتە هۆی دامەزراندنی ئەنجوومەنی کاری هاوبەش لەنێوان یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەردوولادا.
دووەم: پەیوەندیی هەردوولا لە کەرتی تەندروستیدا
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن لە کەرتی تەندروستی لە ساڵانی رابردوودا لەسەر سێ ئاست بوون، کە ئەوانیش بریتی بوون لە: ئەنجوومەنی پزیشکیی ئوردن کە متمانەی بە بۆردی هەرێمی کوردستان بەخشیوە، خوێندکار و راهێندراوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە سەنتەری حوسێن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە بخوێنن و راهێنانی پێویست وەربگرن، هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پەرستارانی ئوردنی کراوە.
سێیەم: پەیوەندیی هەردوولا لە بواری ئەکادیمیدا
دوای ئەنجامدانی کۆڕبەندی خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستانی لە ساڵی رابردوودا، ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئوردن دان بە 20 زانکۆی هەرێمی کوردستاندا دەنێت، دەرچووی ئەم زانکۆیانە دەتوانن لە ئوردن بەردەوامی بە خوێندنی خۆیان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ