ئیسرائیل: بە مەبەستی مرۆیی گرژییەکان لە غەززە کەم دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە رۆژی یەکشەممەوە کەمکردنەوەی گرژییەکان بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە کەرتی غەززە جێبەجێ دەکەن؛ داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، پێویستە بەبێ دواکەوتن و بێ بیانوو هاوکارییەکان لە غەززە دابەش بکەن.
 
رۆژی شەممە 26ی تەممووزی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی یەکشەممە ئیسرائیل کەمکردنەوەی گرژییەکان بە مەبەستی مرۆیی لە ناوەندە سڤیلەکان و رێڕەوە مرۆییەکاندا جێبەجێ دەکات، بۆ رێگەدان بە دابەشکردنی هاوکارییەکان."
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئیسرائیل بەردەوام بووە لە کارئاسانی بۆ چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆناو کەرتی غەززە.
 
ئەو راگەیێندراوە لە کاتێکدایە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە برسێتییەکی تووند دەدەن لە کەرتەکە. رۆژی هەینی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بڵاویکردەوە، منداڵانی تەمەن 6 مانگ بۆ 5 ساڵان، ژنانی دووگیان و ئەوانەی شیر دەدەنە منداڵەکانیان کە هەفتەی رابردوو لە کلینیکەکانیان لە غەززە پشکنینیان بۆ کراوە، 25%یان تووشی بەدخۆراکی ببوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێستا چاوەڕوان دەکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بڕە زۆرەی هاوکاری کۆبکاتەوە و دابەشی بکات، بەبێ هیچ دواکەوتن و بیانوویەک." جەختیش لەوە دەکاتەوە، "ئیسرائیل ئەو تۆمەتە درۆیینانەی پڕوپاگەندەی برسیکردن رەتدەکاتەوە کە حەماس دەستیپێکردووە بە دەستکاریی وێنەی ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییە کوشندەکانەوە دەناڵێنن."
 
بەگوێرەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، تائێستا لانیکەم 124 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 84یان منداڵن.
 
بەهۆی گەمارۆی تووندی ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە، دۆخێکی مرۆیی سەخت لەناو غەززە دروستبووە و چەند رۆژێکە تەندروستیی غەززە رۆژانە ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی برسێتی بڵاودەکاتەوە. چەندین وڵاتی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دۆخەکە بە "قبووڵنەکراو" ناودەبەن.
 
دیمەنی چەندین ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەش لەناو غەززەوە بڵاوبوونەتەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت، ئێسکی ئەو کەسانە لە برساندا دەرکەوتووە.