وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: هێرشنەکردنە سەر ئێران مەترسیدارتر بوو لە هێرشکردن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاری بێدەنگبوون و هێرشنەکردنە سەر ئێران زۆر مەترسیدارتر دەبوو لە بڕیاری هێرشکردن. دەشڵێت، رێگەیان نەداوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگاتە ئاستی "پارێزبەندی".
 
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تاکە بڕیاری راستی دا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و داهاتووی گەلەکەمان. دەستەوەستان  وەستان زۆر مەترسیدارتر دەبوو لە بڕیاری کارکردن، سەرەڕای ئەو مەترسییە گەورانەی لە ئارادابوون".
 
ساعر ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا کاتی کارکردنە، چونکە دواکەوتن دەرفەتی دەدا بە رژێمی ئێران بگاتە ئاستێکی 'پارێزبەندی' بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەروەها دەست بکات بە بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی مووشەکی بالیستی دوورمەودا ".
 
ئەو نووسینەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران کرد و دواتر تاران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەڵامی دایەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کێشەیان لەگەڵ گەلی ئێران نییە و گوتی: "گەلی ئێران دووژمنی ئێمە نین، خەباتی قارەمانانەی ئەوان بۆ ئازادی جێگەی سەرسامییە. دوژمنەکە رژێمی ئێرانە کە سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر ئاڵاکەی نووسیوە".
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ واشنتن، جەدعون ساعر گوتی: "هاوبەشیمان لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانە گەورەکەمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ترەمپ، لە رووی قووڵی و گرنگییەوە بێوێنەیە".
 
بەر لە هێرشەکەی ئەمڕۆ، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستاندنیان بۆ رێککەوتن لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ئێران کردبوو و بڕیاربوو رۆژی دووشەممەش گەڕێکی دیکە ئەنجام بدەن، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆ چارەنووسی گفتوگۆکانی خستە ناو نادیارییەوە.