جەنگ دەستیپێکرد؛ ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بۆردوومان دەکەن و ئێرانیش ئیسرائیل

بەپەلە

28-02-2026

12:09

سوپای پاسداران: هێرش بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکان دەستی پێکرد

 
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28ی شوباتی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە وەڵامی دەستدرێژیی دووژمنی شەڕەنگێز و تاوانکار بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەپۆلی یەکەمی هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆن لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکان دەستی پێکرد."
 
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهووش پەیامی جیاوازیان لەبارەی هێرشەکە هەبوو.
 

12:01

بنکەی سوپای پاسداران لە کامێران کرایە ئامانج

رووداو
 
کەمێک پێش ئێستا هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بنکەی سەرەکی سوپای پاسداران لە شاری کامێرانی پارێزگای سنە و سەرچاوەکانی رووداو لەو شارە دەڵێن، دووکەڵ بە تەواوی ئاسمانی شارەکەی داگرتووە.
 
سەرچاوەیەکی رووداو لە کامێران رایگەیاند، بنکەی سوپای پاسدارانی کامێران کە لە ناوەندی شارەکەیە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە جامی زۆربەی ماڵەکانی دەوروبەر شکان.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، دەنگی فڕۆکە لە ئاسمان دەبیسترێت و دووکەڵێکی زۆر لە بنکەی سوپاوە بەرزدەبێتەوە.
 

11:56

سەرجەم زانکۆکانی ئێران داخران

 
وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران دەڵێت، سەرجەم زانکۆکان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دادەخرێن.
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران لە راگەیێندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە، "سەرجەم زانکۆکان لە سەرانسەری وڵات بۆ ئەمڕۆ دادەخرێن و لە سبەی یەکشەممەوە خوێندن لە زانکۆکان بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت."
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێرانیش لەبارەی دەوامی قوتابخانەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، قوتابخانەکان بە هاوئاهەنگی پارێزگار و ئەنجومەنی دابینکردنی ئاسایشی پارێزگا، دەکرێنە پشوو و وانەوتنەوە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت.
 

11:55

نەتەنیاهوو: ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێرانە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران راگەیاند و گوتی، ئامانجی ئەم هێرشانە کۆتاییهێنانە بە "هەڕەشە"ی دەسەڵاتی ئێران و رەخساندنی دەرفەتێکە بۆ پێکهاتەکانی نێو ئێران، تاوەکو چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.
 
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە 28ـی شوبات، گوتارێکی بنیامین نەتەنیاهووی بڵاوکردەوە. وێڕای راگەیاندنی دەستپێکردنی هێرشەکە، نەتەنیاهوو سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ "سەرکردایەتییە مێژووییەکەی" لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە ناوی نراوە (نەڕەی شێر).
 
نەتەنیاهوو گوتی، ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە پڕچەکبوونی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
 
نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا گوتی، دەیان ساڵە بەرپرسانی ئێران "درووشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە؛ خوێنی ئێمەیان رشتووە، زۆرێک لە ئەمریکییەکانیان کوشتووە و گەلی خۆشیان کۆمەڵکوژ کردووە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ئاراستەی پێکهاتەکانی ئێران کرد و گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئێران؛ فارسەکان، کوردەکان، ئازەرییەکان، بەلووچەکان و ئەهوازییەکان تاوەکو کۆت و بەندی ستەمکاری فڕێبدەن و ئازادی و بەها ئاشتیخوازەکان بۆ ئێران بهێنن".
 
دەقی قسەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل:
 
برا و خوشکەکانم، هاووڵاتیانی ئیسرائیل، تەنیا کاژێرێک لەمەوبەر، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن رژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە هەیە.
 
سوپاسی دۆستی گەورەمان، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ سەرکردایەتییە مێژووییەکەی.
 
47 ساڵە، رژێمی ئایەتوڵڵاکان دروشمی 'مەرگ بۆ ئیسرائیل' و 'مەرگ بۆ ئەمریکا' دەڵێنەوە. ئەوان خوێنی ئێمەیان رشتووە، زۆر ئەمریکییان کوشتووە و گەلەکەی خۆشیان کۆمەڵکوژ کردووە.
 
قەدەخەیە ئەم رژێمە تێرۆریستە بکوژە خۆی بە چەکی ئەتۆمی پڕچەک بکات، کە رێگەی پێ بدات هەڕەشە لە هەموو مرۆڤایەتی بکات.
 
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەمان دۆخێک دەڕەخسێنێت بۆ گەلی ئازای ئێران تاوەکو چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.
 
کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئێران؛ فارسەکان، کوردەکان، ئازەرییەکان، بەلووچەکان و ئەهوازییەکان تاوەکو کۆت و بەندی ستەمکاری فڕێبدەن و ئازادی و بەها ئاشتیخوازەکان بۆ ئێران بهێنن.
 
داواتان لێ دەکەم، هاووڵاتیانی ئیسرائیل، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بن. لە رۆژانی داهاتوودا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر، داوامان لێ دەکرێ دانبەخۆداگرتن و خۆڕاگریی مەعنەوی نیشان بدەین.
 
پێکەوە دەوەستین، پێکەوە دەجەنگین، و پێکەوە نەمریی ئیسرائیل مسۆگەر دەکەین."
 

11:36

دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی بەحرێن دەبیسترێت

رووداو
 
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن دەبیسترێن.
 

11:26

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، لە حەیفا دەنگی تەقینەوە دەبیسترێ

رووداو
 
بەشێکی میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن لە حەیفا (باکووری ئیسرائیل) دەنگی تەقینەوە دەبیسترێ. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

11:25

پۆلیسی ئێران بۆ هاووڵاتییان: هاوکاریی هێزەکانمان بکەن

ساتی هێرش بۆسەر ناوچەیەکی ئێران
 
نووسینگەی گوتەبێژی پۆلیسی ئێران دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر تاران و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، نووسینگەی گوتەبێژی پۆلیسی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییانی ئێرانیش کراوە، لە ئەگەری بیینینی هەر دۆخێکی گوماناوی، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
 
پۆلیسی ئێران هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئارامی بپارێزن و هاوکاریی هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بکەن.
 

11:19

تەندروستیی ئێران: سەرجەم نەخۆشخانەکان خراونەتە دۆخی ئامادەییەوە

نەخۆشخانەیەک لە ئێران
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، دوای هێرشەکانی ئەمڕۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان خراونەتە دۆخی ئامادەییەوە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە کوژراو و بریندارانی هێرشەکان نییە.
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردەوە، دوای بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوە، تیمەکانی فریاکەوتن بە چەندین ئامبووڵانسەوە رەوانەی ناوچە جیاوازەکانی شاری تاران کران.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە کوژراو و بریندارانی هێرشەکان نییە و دواتر زانیارییەکان بڵاودەکرێنەوە.
 

11:03

چی دەزانین لەبارەی هێرشی سەر ئێران؟

رووداو
 
- بەیانیی نزیکەی کاژێر 09:00 دەنگی چەندین تەقینەوە لە تاران بیستران
- سوپای ئیسرائیل گوتی کە هێرشیان کردووەتە سەر تاران
- دەنگۆی بە ئامانجگرتنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکرایەوە، بەڵام ئاژانسی ئێرنای ئێران هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: سەلامەتە
- بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمیان نییە
- دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە، داوا لە سوپای پاسداران دەکات چەک دابنێن و هەروەها راشیگەیاند کە هێرشەکانیان درێژ خایەن دەبێت و بنکە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیان لەنێو دەبەن
- نزیکەی 10 ناوچەی ئێران بۆردوومان کراون
- بەشێک لە هێرشەکان ئەلیکترۆنین و تائێستا چەندین میدیای ئێران هاک کراون
- پۆلیسی ئێران داوا لە هاووڵاتییانی دەکات هاوکاریی هێزەکانیان بکەن

 

 

10:42

ترەمپ بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران: چەک دابنێن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران راگەیاند و گوتی، "داوا لە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکەم هەر ئەمشەو چەک دابنێن، دەپارێزرێن، ئەگەرنا رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە." سەرۆکی ئەمریکا داوای لە گەلی ئێران کرد، لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە.
 
نیو سەدە لە "دووژمنایەتی و تیرۆر"
 
ترەمپ لە قسەکانیدا مێژووی 47 ساڵەی پەیوەندییەکانی ئەمریکای لەگەڵ ئێران خستەڕوو و گوتی، "رژێمی ئێران گرووپێکی دڕندەی دڵڕەق و مەترسیدارن کە بۆ نیو سەدە خەریکی خوێنڕشتن و کوشتنی بەکۆمەڵن."
 
ترەمپ ئاماژەی بە زنجیرەیەک رووداو کرد، لەوانە بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ 444 رۆژ لە تاران، تەقینەوەکەی ساڵی 1983ـی بەیرووتی لوبنان کە تێیدا 241 سەربازی ئەمریکی کوژران و هێرشەکەی سەر کەشتیی (کۆل) لە ساڵی 2000 لە بەندەری عەدەن لە نزیک یەمەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا تارانی تۆمەتبار کرد بە کوشتن و کەمئەندامکردنی سەتان سەربازی ئەمریکی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی گرووپە نزیکەکانیەوە و گوتیشی، "ئەمە تیرۆرێکی بەکۆمەڵ بووە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین."
 
رۆڵی ئێران لە 7ـی ئۆکتۆبەر و ناوچەکە
 
دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دانا، کە تێیدا زیاتر لە 1,000 کەس کوژران و 46یان ئەمریکی بوون. 
 
ترەمپ گوتی، "ئێران یەکەم دەوڵەتی پشتیوانیکاری تیرۆرە لە جیهاندا و تەنانەت بەم دواییانە 32,000 هاووڵاتیی خۆشی لە سەر شەقامەکان کوشت، کاتێک داوای مافی خۆیان دەکرد."
 
شکستی دیپلۆماسی و تێکشکاندنی توانای ئەتۆمی
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) لە حوزەیرانی 2025، هەوڵی زۆریان دا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئێران ناچار بکەن دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران هەموو دەرفەتەکانی رەتکردەوە.
 
ترەمپ گوتی، "ئەوان تەنیا دەیانویست کاری خراپە بکەن و خەریکی دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ بوون. پەیامی من سادەیە: ئەوان هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
 
تەختکردنی پیشەسازیی مووشەکی
 
ترەمپ رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا داوە پیشەسازیی مووشەکیی ئێران بە تەواوەتی تەخت بکەن و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەنێو ببەن. سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا هەموو ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا هەن پەکبخەن.
 
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
 
کەمێک لەمەوبەر، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی جەنگیی گەورە کرد لەنێو ئێران. ئامانجی ئێمە بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەنێوبردنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە هەن؛ کە گرووپێکی دڕندەی زۆر دڵڕەق و مەترسیدارن. چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان دەخەنە مەترسییەوە. 47 ساڵە، رژێمی ئێران دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەڵێتەوە و هەڵمەتێکی بێ کۆتای لە خوێنڕشتن و کوشتنی بەکۆمەڵی دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەربازەکانمان و خەڵکی بێتاوان لە زۆر زۆر وڵات کردووە. لە یەکەمین کردەوەکانی ئەو رژێمە، پشتگیریکردن بوو لە دەستبەسەرداگرتنی تووندوتیژانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، کە تێیدا دەیان ئەمریکی بۆ 444 رۆژ بە بارمتە گیران. لە ساڵی 1983دا، گرووپەکانی سەر بە ئێران بارەگای هێزە دەریاییەکانیان لە بەیرووت تەقاندەوە کە بووە هۆی کوژرانی 241 کارمەندی سەربازیی ئەمریکی. لە ساڵی 2000دا ئەوان ئاگادار بوون و پێدەچێت تێوەگلابن لە هێرشەکەی سەر کەشتیی (کۆل) کە زۆر کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.
 
هێزە ئێرانییەکان سەدان کارمەندی خزمەتگوزاریی ئەمریکییان لە عێراق کوشت و کەمئەندام کرد. گرووپەکانی سەر رژێم بەردەوام بوون لە دەستپێکردنی هێرشی بێشومار بۆسەر هێزە ئەمریکییە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵانی دواییدا، هەروەها دژی کەشتییە دەریایی و بازرگانییەکانی ئەمریکا لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمە تێرۆرێکی بەکۆمەڵ بووە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین. لە لوبنانەوە بۆ یەمەن و لە سووریاوە بۆ عێراق، رژێمەکە میلیشیا تیرۆریستەکانی پڕچەک کردووە، مەشقی پێ کردوون و بودجەی بۆ دابین کردوون، کە زەوییان بە خوێن و پارچە جەستەی مرۆڤ سوور کردووە.
 
ئەوە حەماسی سەر بە ئێران بوو کە هێرشە دڕندەکانی 7ی ئۆکتۆبەری بۆ سەر ئیسرائیل کرد و زیاتر لە 1,000 مرۆڤی بێتاوانی کوشت کە 46 ئەمریکییان تێدابوو، لە کاتێکدا 12 هاووڵاتیی ئێمەی بە بارمتە گرت. ئەوە کارێکی دڕندانە بوو، شتێک کە جیهان هاوشێوەی نەبینیوە. ئێران یەکەم دەوڵەتی پشتیوانیکاری تیرۆرە لە جیهاندا و هەر بەم دواییانە دەیان هەزاران هاووڵاتیی خۆی لە سەر شەقامەکان کوشت،کاتێک خۆپێشاندانیان دەکرد. ئەمە هەمیشە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە، بەتایبەت ئیدارەی من، کە ئەم رژێمە تێرۆریستە هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دووبارەی دەکەمەوە: ئەوان هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. هەر لەبەر ئەوە بوو لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" لە حوزەیرانی رابردوودا بەرنامە ئەتۆمییەکەی رژێممان لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لەنێوبرد.
 
دوای ئەو هێرشە، هۆشداریمان پێدان کە هەرگیز دەست بە هەوڵە شەڕەنگێزەکانیان بۆ چەکی ئەتۆمی نەکەنەوە و چەندین جار هەوڵماندا رێککەوتن بکەین. ئێمە هەوڵماندا. ئەوان دەیانویست بیکەن، نەیاندەویست بیکەن. دووبارە دەیانویست بیکەن، نەیاندەویست بیکەن. نەیاندەزانی چی روودەدات، تەنیا دەیانویست کاری خراپە بکەن. بەڵام ئێران رەتیکردەوە، رێک وەک ئەوەی بۆ چەندین دەیە و دەیە کردوویەتی. ئەوان هەموو دەرفەتێکیان بۆ دەستبەرداربوون لە خواستە ئەتۆمییەکانیان رەتکردەوە و ئێمە چیدیکە بەرگەی ناگرین. لەبری ئەوە هەوڵیاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروست بکەنەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی مووشەکی دوورمەودا کە ئێستا دەتوانن هەڕەشە لە دۆست و هاوپەیمانە زۆر باشەکانمان لە ئەورووپا، سەربازەکانمان لە دەرەوە بکەن و بەم زووانەش دەگەنە خاکی ئەمریکا. تەنیا وێنای بکەن ئەم رژێمە چەندە بوێرتر دەبوو ئەگەر ببوایە بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بە کردەیی بەکاری بهێنایە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی. 
 
لەبەر ئەم هۆکارانە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و بەردەوام دەکات بۆ رێگریکردن لەم دیکتاتۆرییەتە زۆر خراپ و تووندئاژۆیە لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە. ئێمە مووشەکەکانیان لەنێو دەبەین و پیشەسازیی مووشەکییان تەخت دەکەین. جارێکی دیکە، بە تەواوی تێکدەشکێندرێتەوە. ئێمە هێزی دەریایی ئەوان لەنێو دەبەین. ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە چیدیکە نەتوانن سەقامگیریی ناوچەکە یان جیهان تێکبدەن و هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان و چیدیکە نەتوانن بۆمبی چێندراو یان بۆمبی سەر رێگا بەکاربهێنن، بۆ بریندارکردن و کوشتنی هەزاران هەزار کەس، لەوانەش زۆرێک لە ئەمریکییەکان. ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت. ئەوە پەیامێکی زۆر سادەیە. ئەوان هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت.
 
ئەم رژێمە بەم زووانە فێری ئەوە دەبێت کە نابێت هیچ کەسێک تەحەدای هێز و توانای هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات. من لە یەکەم خولی ئیدارەکەمدا سوپاکەمانم بونیاد ناوە و دروستم کردووەتەوە، هیچ سوپایەک لە سەر زەوی نییە تەنانەت نزیکیش بێت لە هێز، توانا یان پێشکەوتوویی سوپای ئێمە. ئیدارەکەی من هەموو هەنگاوێکی گونجاوی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم قسەیە بە سادەیی ناکەم، رژێمی ئێران دەیەوێ بکوژێ. رەنگە گیانی پاڵەوانە ئەمریکییە ئازاکان لەدەست بدرێ و رەنگە قوربانیمان هەبێت، کە زۆرجار لە جەنگدا روودەدات. بەڵام ئێمە ئەمە بۆ ئێستا ناکەین، ئێمە ئەمە بۆ داهاتوو دەیکەین، ئەمە ئەرکێکی پیرۆزە. نزا بۆ هەر سەربازێک دەکەین کاتێک ژیانی خۆیان دەخاتە مەترسییەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەمریکییەکان و منداڵەکانمان هەرگیز لەلایەن ئێرانێکی چەکدار بە ئەتۆمەوە هەڕەشەیان لێ نەکرێ. لە خودا دەپاڕێینەوە هەموو پاڵەوانەکانمان لە مەترسی بپارێزێ و متمانەمان هەیە کە پیاوان و ژنانی هێزە چەکدارەکان سەرکەوتوو دەبن. ئێمە مەزنترینمان لە جیهاندا هەیە و ئەوان سەرکەوتوو دەبن.
 
بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە چەکدارەکان و هەموو پۆلیسەکان، ئەمشەو دەڵێم کە دەبێت چەکەکانتان دابنێن و پارێزبەندیی تەواوتان دەبێت، یان لە بەرامبەردا رووبەڕووی مردنێکی مسۆگەر دەبنەوە. کەواتە چەکەکانتان دابنێن. بە دادپەروەری و پارێزبەندیی تەواوەوە مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێ، یان رووبەڕووی مردنێکی مسۆگەر دەبنەوە. لە کۆتاییدا، بۆ گەلی مەزن و سەربەرزی ئێران، ئەمشەو دەڵێم کە کاژێری ئازادیتان نزیک بووەتەوە. لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە، ماڵەکانتان جێمەهێڵن. دەرەوە زۆر مەترسیدارە. بۆمبەکان لە هەموو شوێنێک دەکەون. کاتێک ئێمە تەواو بووین، حکومەتەکەتان بگرنە دەست. ئەوە هی ئێوەیە. ئەمە رەنگە دوایین دەرفەتتان بێت بۆ چەندین نەوە.
 
بۆ چەندین ساڵ داوای یارمەتیی ئەمریکاتان کرد، بەڵام هەرگیز دەستتان نەکەوت. هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبوو ئەوە بکات کە من ئەمشەو ئامادە بووم بیکەم. ئێستا سەرۆکێکتان هەیە کە ئەوەتان پێ دەدات کە دەتانەوێ. بۆیە با ببینین چۆن وەڵام دەدەنەوە. ئەمریکا بە هێزێکی بێ وێنە و تووند پشتگیریتان دەکات. ئێستا کاتی ئەوەیە کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆتان بکەن و ئەو داهاتوو پڕ لە گەشەپێدان و شکۆدارە دەستبخەن کە نزیکە لێتان. ئەمە ساتەوەختی کردارە. رێگە مەدەن تێپەڕێ. خودا پیاوان و ژنە ئازاکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بپارێزێت. خودا بخاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزێت. هەمووتان بپارێزێت. سوپاس.
 

10:22

گواستنەوەی عێراق: ئاسمانی وڵات داخرا

رووداو
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکانی هاتن و چوون بە تەواوی داخرا.
 
رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، مەیسەم سافی،گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " دوای چۆڵکردنی ئاسمانی عێراق، ئێستا ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی گەشتەکانی هاتن و چوون داخراوە ".
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
 
دواتریش میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا بووە.

 

 

10:17

میدیای ئەمریکا: واشنتن بەشداری لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکات

 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردووە و واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە لێدانی ئامانجەکان لە نێو ئێران دەکات.
 
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێستا لە ئارادان و دەستیانپێکردووە.
 
هاوکات، ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی کردەیی بەشداری لەو هێرشانەدا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلیش بە ئاژانسی هەواڵیی رۆریتەرزی راگەیاند، هێرشەکە بە هاوئاهەنگی ئەمریکییەکان بووە. 
 
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی "پێشوەختە و خۆپارێزی" بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردووە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە: "ئەمە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەمریکییە و چەندین مانگە کارمان لەسەر کردووە و پلانی بۆ دادەنێین."
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ئیسرائیل داخران و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.
 

 

 

10:00

میدیای ئیسرائیل: هێرشەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەکرێ و چەند مانگێکە پلانی بۆ دانراوە

رووداو
 
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئارادان بە هاوئاهەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکرێن. فەرماندەیی ناوخۆی ئیسرائیلیش رێنماییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە.
 
رۆژی شەممە، کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە: "ئەمە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەمریکییە و چەندین مانگە کارمان لەسەر کردووە و پلانی بۆ دادەنێین."
 
ئەم لێدوانەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەگەری هەیە لە چەند خولەکی داهاتوودا ئێران بە مووشەک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکان لێدرا.
 
هاوکات فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل رێنماییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە و داوای لێکردن بە هەموو شێوەیەک لە پەناگەکان و شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
 
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی "پێشوەختە و خۆپارێزی" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ئیسرائیل داخران و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.
 

 

09:51

دەنگی پێنج تەقینەوە لە تاران بیستران

رووداو
دەنگی پێنج تەقینەوە لە شاری تاران بیستران.
 
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، میدیای ئێران بڵاویکردەوە:" دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە".
 
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چەند مووشەکێک لە شەقامی زانکۆ و دەوروبەری شەقامی جمهوری کەوتوونەتە خوارەوە.
 
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەی سەید خەندانی تاران کەوتوونەتە خوارەوە.
 
تاکۆ ئێستا لە هیچ زانیارییەک لە سەر زیانەکەن نییە.
 
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، کەمێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، هێرشیان بۆ سەر تاران دەستپێکردووە.

 

 

09:24

سوپای ئیسرائیل هۆشداری لە هێرشی مووشەکیی ئێران دەدات

رووداو
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێدراوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری هێرشی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە؛ داواش دەکات خەڵک بچنە پەناگەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند خولەکی رابردوودا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات لێدراوە و "لە رێگەی تەلەفۆنە مۆبایلەکانەوە نامەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ هاووڵاتییان نێردراوە تاوەکو لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیە بۆ ئامادەکردنی خەڵک لە ئەگەری ئاراستەکردنی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل."
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، پێویستە هاووڵاتییان بە وردی پابەندی رێنماییەکان بن و لە نزیکترین شوێنی پارێزراو و پەناگەکاندا بمێننەوە تاوەکو رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
ئەم هۆشدارییەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی "پێشوەختە و خۆپارێزی" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ئیسرائیل داخران و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.

 

 

09:41

جەنگ دەستیپێکرد؛ ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بۆردوومان دەکەن و ئێرانیش ئیسرائیل

رووداو
 
ئەم بەیانییە کاژێر نزیکەی 09:00 دەنگی سێ تەقینەوە لە تاران بیستران، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی کە هێرشیان بۆ ئێران دەستپێکردووە

09:41

جەنگ دەستیپێکرد؛ ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بۆردوومان دەکەن و ئێرانیش ئیسرائیل

رووداو
 
ئەم بەیانییە کاژێر نزیکەی 09:00 دەنگی سێ تەقینەوە لە تاران بیستران، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی کە هێرشیان بۆ ئێران دەستپێکردووە