رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بنکەی شازادە سوڵتانی ئەمریکی لە سعودیە. وێنە: ئەرشیڤ/ Senior Airman Sean Campbell/U.S. Air Force
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 29 رۆژی تێپەڕاند و بەرەکانی جەنگ بە قورسی سعودیەیان گرتووەتەوە. لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی سعودیە کرانە ئامانج، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران چڕتر کردەوە.
رۆژی هەینی 29-03-2026 بەرپرسانی ئەمریکی و سعودی رایانگەیاند، مووشەکێکی ئێرانی و چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان)ـیان لە سعودیە پێکاوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، 10 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، کە دووانیان برینەکەیان سەختە. هەروەها چەندین فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی ئەمریکی لە ناو بنکەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەورەترین مەترسیی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، هەوڵەکانی ئێرانە بۆ سەپاندنی "سەرانە" بە سەر ئەو کەشتییانەی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. روبیۆ ئەم هەنگاوەی بە "نایاسایی و مەترسیدار بۆ جیهان" وەسف کرد. وەزیری دەرەوە پێشبینیشی کرد، جەنگەکە دوو بۆ چوار هەفتەی دیکە بەردەوام بێت.
سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر چەندین شوێنی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی و کۆگەکانی چەک لە ناو خاکی ئێران.
لە پێشهاتێکی دەگمەندا، ئێران رێگری لە دوو کەشتیی بارهەڵگری وڵاتی چین کرد کە بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕ بن و گەڕاندنیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران پێشتر تەنیا رێگری لە کەشتیی ئەو وڵاتانە دەگرت کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان دەزانی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، زیاتر لە 300 سەربازیان لە ناوچەکەدا بریندار بوون. پێنتاگۆن ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی رەوانەکردنی نزیکەی 10,000 سەربازی دیکەی وشکانییە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو بژاردەی سەربازیی زیاتر بداتە دەست دۆناڵد ترەمپ.
سەرەڕای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ دواخستنی کاتیی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزە، نرخی نەوت جارێکی دیکە بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەوە و بازاڕی پشکەکان لە ئەمریکا دابەزین.
لەسەر ئاستی جەنگی سایبەری، گروپێکی هاوپەیمانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە توانیویانە ئیمەیڵی تایبەتیی کاش پاتێل، بەڕێوەبەری FBI هاک بکەن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی بە فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ