رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئۆتۆمبێلێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی کە بارمتەی ئازادکراوی ئیسرائیلی هەڵگرتووە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، پرۆسەی رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل قورس بوو، هەردوو لایەن مەرج و تێبینیی خۆیان هەبوو، "بەڵام ئیسرائیل کەللەڕەقترینیان بوو". ئەو هەروەها گوتی، قەتەر لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە.
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە رایگەیاند، "پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لە هەموو روویەکەوە زۆر قورس بوون، هەردوو لایەن مەرج و تێبینیی خۆیان هەبوو، بەڵام ئیسرائیل کەللەڕەقترین لایەنی رێککەوتنەکە بوو".
لە لێدوانێکی دیکەدا، ئەنساری گوتی، "قەتەر لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە".
لە وەڵامی پرسێکدا کە چەند بارمتە لەلایەن حەماسەوە گیراون؟ گوتی، "قەتەر ناتوانێت هیچ ژمارەیەکی بارمتەکان پشتڕاستبکاتەوە. ئێمە تەنیا ژمارەی ئەو بارمتانە دەزانین، کە ئازادکراون".
بەگوێرەی ئەنساری، ئەوەی بەلای قەتەرەوە کاری لە پێشینەیە، ئازادکردنی منداڵ و ژنەکانە، دوای ئەوان چەکدار و سەربازەکان گەنگەشە دەکرێت.
لەبارەی غەززەی دوای شەڕ، بەرپرسە قەتەرییەکە گوتی، "ئێمە رێز لە یەکێتیی هەموو لایەنە فەلەستینییەکان دەگرین، بەڵام ئەمە پرسێکی نێوخۆییە و دەبێت فەلەستینییەکان خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن".
قەتەر یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە سەختیی نێوەندگیریی کرد تاوەکو لەگەڵ میسر لە کۆتاییدا توانیان حەماس و ئیسرائیل رازی بکەن، بۆ ماوەی چوار رۆژ شەڕەکە رابگرن و دواتر دوو رۆژی دیکەیان درێژکردەوە. لەو ماوەیەشدا، حەماس 69 بارمتە و ئیسرائیلیش 150 بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو.
شەوی 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانی ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
رۆژی 26-11-2023، لە سێیەم رۆژی ئاگربەستەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد، کە 14ـیان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەک بوون. سوپای ئیسرائیل دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد، ئەمەش سێیەم کۆمەڵە بوو.
کۆمەڵەی چوارەمیش رۆژی 28-11-2023 بوو دەسەڵاتی زیندانی ئیسرائیل رایگەیاند، 33 بەندکراوی فەلەستینییان ئازادکردووە. بزووتنەوەی حەماسیش ئازادکردنی 11 بارمتەی بە رەچەڵەک ئیسرائیلی راگەیاند. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، بەندکراوەکان لە زیندانەکانی دامۆن، مێگیدۆ، عۆفەر، کیتزیۆت، رامۆن و نەفحە ئازادکراون.
هەر هەمان رۆژ ماجد ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "حەماس پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە دوو رۆژی داهاتوو (سێشەممە و چوارشەممە) 20 بارمتەی دیکە ئازاد دەکات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئیسرائیل دەبێت 65 بەندکراوی فەلەستینی ئازادبکات".
تال هێنریک، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، "ئێمە لیستی ناوی 10 کەسمان پێگەیشتووە و خانەوادەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ