کاروانێکی دیکەی عێراقییەکان لە کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنرێنەوە، کە نزیکەی 240 خێزانن، بەگوتەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، نزیکەی سێ کاروانی دیکە ماوە بگەڕێنرێنەوە.

عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سەرەتای مانگی داهاتوو (کانوونی یەکەم) کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی کەمپی هۆڵ دەگەڕێنرێتەوە، کە 31ـەمین کاروانی ئەو هاووڵاتییانەیە دەگەڕێنرێنەوە و ژمارەیان 240 خێزانە.
 
کەمپی هۆڵ کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و خێزانی چەکدارانی داعش بوون.
 
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، جگە لەو کاروانەی دەگەڕێنرێتەوە، سێ کاروانی دیکەی عێراقییەکان، کە ژمارەیان 3000 کەس دەبن، لە کەمپی هۆڵ دەمێنن و ئەوانیش دەگەڕێندرێنەوە.
 
وەزارەتى كۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتوون تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کەمپە بمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
 
ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێنرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە موسڵ بۆ شیاندنەوەیان، پاشان دەگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان.