میری کوێت کۆچی دواییکرد

میری کوێت لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ تەندروستیی تێکچوو، هەواڵی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ شێخ سەباح ئەحمەد سەباح رۆژی 19ی تەممووزی 2020 لەلایەن شێخ عەلی جەڕاح، وەزیری کاروباری دیوانی میرایەتی بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆش هەواڵی کۆچی دوایی راگەیێندرا.

29-09-2020

20:23

نێچیرڤان بارزانی پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی میری کوێت دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی شێخ نەواف ئەحمەد کردووە و پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکە و گەلی کوێت کردووە.
 
دەقی پرسەنامەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
بەڕێز شێخ نواف الاحمد الجابر الصباح،
 
میری جێنشینی دەوڵەتی کوەیت
 
سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت..
 
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو شێخ صباح الاحمد الجابر الصباح میری دەوڵەتی کوەیتم پێگەیشت، بە ناوی خۆم و گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشیی دۆستانە لە جەنابتان و لە ڕێگەی ئێوەیشەوە لە خانەوادەی بەڕێزتان و سەرجەم گەلی کوەیتی برا دەکەم.
 
لە خوای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و بە بەهەشت شادی بکات، ئارامی و دڵنەوایی بە ئێوە ببەخشێت، ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتنی دەوڵەت و گەلی کوەیتیش هەر بەردەوام بێت.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
٢٩/٩/٢٠٢٠

19:37

میری نوێی کوێت دیاریکرا

میری نوێی کوێت دیاریکرا
 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوێت "شێخ نەواف ئەحمەد جابر سەباح"ـی وەک میری نوێی وڵات لە شوێنی میری کۆچکردوو دیاریکرد.
 
 
شێخ نەواف ئەحمەد جابر سەباح
 
 1935/06/25 لەدایکبووە
 
کوڕی شەشەمی میری 10یەمی کوێتە
 
هاوژینی هەیە و چوار کوڕ و  کچێکی هەیە
 
پێشتر وەزیری ناوخۆ و بەرگری بووە
 
دوای رزگارکردنی کوێت لە دەستی عێراق، بووەتە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 
 
ساڵی 2006 بووەتە جێنشینی میری کوێت
 
رۆژی 2020/09/29 بووە میری کوێت
 

18:14

مەسرور بارزانی: لەدەستدانی شێخ سەباح لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت

مەسرور بارزانی: لەدەستدانی شێخ سەباح لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی بە بۆنەی کۆچی دوایی میری کوێتەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەدەستدانی شێخ سەباح لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو و گەلی کوێت دەکات.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەدەستدانی سەرکردایەتییە دانایانەکەی، کارامەییەکەی وەک نێوانگرێک و بەخشندەییەکەی لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهاندا هەستی پێدەکرێت.
 

18:05

بەرهەم ساڵح: شێخ سەباح لەسەر تەبایی گەلانی ناوچەکە پێداگر بوو

بەرهەم ساڵح: شێخ سەباح لەسەر تەبایی گەلانی ناوچەکە پێداگر بوو
 
 
 
سەرۆککۆماری عێراق بەهۆی کۆچی دوایی میری کوێتەوە پرسەنامەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شێخ سەباح لەسەر تەبایی گەلانی ناوچەکە پێداگر بووە.
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار عێراق، لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "[شێخ سەباحمان] بە مرۆڤدۆستییەکەی و پێداگربوونی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و کوێت دەناسیەوە."
 
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە داوە، میری کوێت بەبێ ماندووبوون کاری لەسەر یەکهەڵوێستی و نەهێشتنی ناکۆکی کردووە و تەنانەت لەپێناو ئاشتی و چاکەدا قوربانیی دا.
 
بەرهەم ساڵح دەڵێت، "سەرەخۆشییمان بە کەسەکانمان لە کوێت رادەگەیێنین."
 

16:50

میری کوێت کۆچی دواییکرد

شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح، میری کوێت
 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح، میری کوێت لە تەمەنی 91 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
 
میری کوێت لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ تەندروستیی تێکچوو، هەواڵی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ شێخ سەباح ئەحمەد سەباح رۆژی 19ی تەممووزی 2020 لەلایەن شێخ عەلی جەڕاح، وەزیری کاروباری دیوانی میرایەتی بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆش هەواڵی کۆچی دوایی راگەیێندرا.
 
شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح لەساڵی 2006 بووە میری کوێت، پێش نەخۆشکەوتنی هەندێک لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەشێوەکی کاتی دایە شێخ نەواف ئەحمەد سەباحی کوڕی، کە جێنشینیەتی.
 
شێخ سەباح، پازدەیەمین میری کوێتە و لە 16-7-1929 لەدایکبووەو لە ساڵی 1954ەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە، کە عەبدوڵڵا سالم سەباح میری ئەوکاتی کوێت وەکو ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ئەو وڵاتە دایمەزراند.

 

شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح
 
1929/07/16 لەدایکبووە
 
یەکەم وەزیری راگەیاندن بووە لە مێژووی کوێتدا
 
دووەم وەزیری دەرەوەی کوێت بووە
 
ساڵی 1990 رۆڵی گرنگی بینیوە لە هەڵسوکەوتکردن بەرامبەر داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایەن عێراقەوە
 
ساڵی 2006 بووەتە میری کوێت
 
میری 15یەمی کوێت و پێنجەمە دوای سەربەخۆبوونی ئەو وڵاتە لە شانشینی سعودیە
 
9ی سێپتێمبەری 2014 نەتەوە یەکگرتووەکان وەک "پێشڕەوی کاری مرۆیی" رێزی لێنا
 
لە 2020/07/19 باری تەندروستیی تێکچوو و برایە نەخۆشخانە
 
رۆژی سێشەممە 2020/09/29 لە نەخۆشخانە لە ئەمریکا و لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد