ئیسرائیل تاران بۆردوومان دەکات و ترەمپ دەڵێت "بەم زووانە" رێککەوتن دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، شەوی رابردوو هێرشی گەورەی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە تاران، ئەوەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، رەنگە "بەم زووانە" رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت.
 
هاوکات ئێرانیش شەپۆلێکی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، کوێت و سعودیە ئەنجام دا، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ شەو وێستگەکانی کارەبای ئێران کرانە ئامانج و بەشێکی تاران و دەوروبەری بێ کارەبا بوون.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، لە ئەنجامی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئێران لەم مانگەدا "گۆڕینی رژێم" بە کردەیی بەدیهاتووە و سەرکردایەتیی نوێی وڵاتەکە "زۆر ژیرترن."
 
ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی جیاواز دەکەین کە پێشتر کەس مامەڵەی لەگەڵ نەکردوون، بۆیە من ئەمە بە گۆڕینی رژێم دادەنێم."
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری رێککەوتنیش گوتی، "دەبینم کە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکرێ، رەنگە زۆر زوو بێت."
 
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکیشدا لەگەڵ "فاینانشناڵ تایمز" رایگەیاند ،دەیەوێ "دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێ" و ئەگەری هەیە دوورگەی خارک کۆنترۆڵ بکات. سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە دۆخی ڤەنزوێلا چواند کە ئەمریکا دەیەوێ بۆ ماوەیەکی نادیار کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکات.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گومانی تاران
 
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، پاکستان وەک نێوەندگیرێک لەنێوان واشنتن و تاران، میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، تورکیا و میسری لە ئیسلام ئاباد کد. ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر "کۆتاییهێنانێکی خێرا و هەمیشەیی بە جەنگ" بووە و چین و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتگیری لەم هەوڵەی پاکستان دەکەن.
 
بەڵام محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی دیپلۆماسی وەک "پەردەیەک" بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی پلانی هێرشی زەوینی.
 
قالیباف دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سەربازەکانی ئێمە چاوەڕێی گەیشتنی سەربازە ئەمریکییەکانن تاوەکو بیانسووتێنن و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیشیان بۆ هەمیشە سزا بدەن."
 
شۆکی ئابووری و دۆخی مەدەنی
 
جەنگەکە ئابووریی جیهانی پەکخستووە؛ نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە نزیکەی 117 دۆلار و زۆربەی وڵاتانی ئاسیا بەدەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن. لە کوێت، هێرشێکی ئێران بۆ سەر وێستگەیەکی کارەبا و ئاو بووە هۆی کوژرانی کرێکارێکی هیندستانی. سعودیەش رایگەیاند کە پێنج مووشەکی بالیستی تێکشکاندووە.
 
لە تاران، دانیشتووان باس لە شەوانی پڕ لە ترس و دڵەراوکێ دەکەن. هونەرمەندێک لە تاران گوتی، "بیری خەوێکی ئارام دەکەم؛ هێرشەکانی شەو هێندە چڕن هەست دەکەین تەواوی تاران دەلەرزێ."
 
تاوەکو ئێستا ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنگەی هورمزی بە ڕووی وڵاتانی "دووژمن"دا داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پێنج یەکی هاتووچۆی نەوت و گازی جیهانی.
 
پێنتاگۆنیش لە ئامادەکاریی بەردەوامدایە و کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس تریپڵی کە 3,500 سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە، رۆژی هەینی گەیشتە ناوچەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە