رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن بە زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل، بە فەرمی چوونە نێو جەنگەوە و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن. ئەوان دەڵێن کارتی گوشاریان بەدەستەوەیە و دەتوانن تەنگەی بابولمەندەب بە دەردی تەنگەی هورمز ببەن.
حووسییەکان لە دروستکردنی کێشە بۆ کەشتییەکان لە دەریای سوور ئەزموونیان هەیە و هەڕەشەی ئەوەش دەکەن کە دەتوانن ئاستەنگ بۆ تەنگەی بابولمەندەب دروست بکەن کە 10٪ بۆ 12٪ـی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
عابد سوور، شارەزای ستراتیژیی سەربازی لەبارەی دەرئەنجامی ئەم هەنگاوانەوە دەڵێت: "ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت و پێشبینیی وەڵامدانەوە لەلایەن ئیسرائیل یان تەنانەت ئەمریکاشەوە دەکەین. ئەگەر واشنتن دەستوەردان بکات، هەموو بەرژەوەندییەکانی دەکەینە ئامانج، لەنێویاندا کەشتییەکان."
هاوکات نۆمی باریاکۆڤ، پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیوایە دۆخەکە گۆڕاوە و دەڵێت: "پێموایە ئێمە گەیشتینە خاڵی وەرچەرخان، حووسییەکان بۆ نزیکەی یەک مانگ زۆر ئارامیان گرت، بەڵام ئێستا چوونە نێو جەنگەکە."
حووسییەکان دەڵێن، لە بەرگریکردن لە ئێران، خەڵکی یەمەنیش پشتیوانیانە. لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسیەکان لە سەنعای پایتەخت، خۆپێشاندانی بەرفراوانیان رێکخست و یەکێک لە خۆپێشاندەران دەڵێت: "پەیامی هاوسۆزی بۆ ئێران دەنێرین... کە بەسەر هێزەکانی شەڕدا سەرکەوتووە." هەروەها خۆپێشاندەرێکی دیکە جەخت دەکاتەوە: "ئێمە لەگەڵ ئێران، حیزبوڵڵا و عێراقدا وەستاوین... دژی ئەمریکا و ئیسرائیل."
بەهۆی پەککەوتنی تەنگەی هورمز، گرژییەکان لە ئاستێکی بەرزدان، هەر تێکچوونێکیش لە بابولمەندەب رووبدات، دەبێتە هۆی گرانتربوونی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان. ئەوەش دەکرێ گوشاری ستراتیژیی زیاتر بخاتە سەر ئەمریکا کە ئێستا لە لایەک شەڕ و لە لایەکیش گفتوگۆی دیپلۆماسی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ