وەزیری راگەیاندنی سووریا بۆ رووداو: کار بۆ زیادکردنی زمانی کوردی لە تەلەڤزیۆنی سووریادا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری راگەیاندنی سووریا بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی نوێی سووریا کار دەکات بۆ زیادکردنی بووڵتەنی هەواڵی زمانی کوردی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا؛ دەشڵێت، حکومەتی نوێ دەرفەت و بایەخ بە کولتوور و زمانی جیاواز دەدات.
رۆژی هەینی 30ـی ئایاری 2025، حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی راگەیاندنی کار و چالاکییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا لە دیمەشق رێکخست. لە کۆنفرانسەکەدا وەڵامی پرسیارەکانی سۆلین محەمەدەمین، پەیامنێری رووداوی لە دیمەشق دایەوە.
حەمزە مستەفا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە هەبوونی بووڵتەنی هەواڵی زمانی کوردی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا رایگەیاند: "زیادکردنی زمانی کوردی لە تەلەڤزیۆنی سووریا بیرۆکەیەکە کاری لەسەر دەکرێت. کرانەوە بە رووی پێکهاتەکان بەشێکە لە پەیڕەو و کارنامەکان لە حکومەتی نوێدا و دەرفەت بە زمان و کولتوورە جیاوازەکان دەدەین".
حەمزە مستەفا گوتی: "سووریا وڵاتی زمان و کولتوورە جیاوازەکانە و فرە زمانی و فرە کولتووری یەکێکە لە تایبەتمەندیی دەوڵەمەندی سووریا. ئەم تایبەتمەندییە ئەرێنییە هیچ کات نەرێنی نەبووە و ناکرێت لە رووی سیاسییەوە ئەم فرەییە بقۆزرێتەوە. هەموو لایەنەکانی سووریا کۆکن لە بابەتی مافی کولتوور و زمان بەتایبەتی لە سەردەمی حکومەتی نوێدا زۆر بە روونی بەدی دەکرێت و لە دەستووریش ئاماژەی پێکراوە".
وەزیری راگەیاندنی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداو سەبارەت بە میکانیزمی کاری هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا لەبارەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان سەرۆککۆماری سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی لە دیمەشق لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا، تاوەکو ئێستا سەرچاوە هەموو لێکتێگەیشتنەکانە. حکومەتیش تەواوی پابەندییەکانی لەم رێککەوتنەدا لە ئەستۆ گرتووە و جێبەجێی کردوون. پێویستە بەهەمان شێوە هێزەکانی سووریای دیموکراتیش پابەند بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو بابەتە جیاوازەکان".
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی وەزیری راگەیاندنی سووریا
رووداو: باستان لە بیرۆکەی بووڵتەنی هەواڵ بە زمانی کوردی کردووە. هیچ جۆرە دەستپێشخەری و پێشنیازێکتان هەیە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە دامەزراوە حکومییەکاندا بکرێتە زمانی فەرمی؟
حەمزە مستەفا: زیادکردنی زمانی کوردی لە تەلەڤزیۆنی سووریا، بیرۆکەیەکە کاری لەسەر دەکرێت. کرانەوە بە رووی پێکهاتەکان بەشێکە لە پەیڕەو و کارنامەکان لە حکومەتی نوێدا و دەرفەت بە زمان و کولتوورە جیاوازەکان دەدەین. سووریا وڵاتی زمان و کولتوورە جیاوازەکانە. فرە زمان و فرە کولتووری یەکێکە لە تایبەتمەندیی دەوڵەمەندی سووریا و ئەم تایبەتمەندییە ئەرێنییە هیچ کات نەرێنی نەبووە و ناکرێت لە رووی سیاسییەوە ئەم فرەییەش بقۆزرێتەوە. هەموو لایەنەکانی سووریا کۆکن لە بابەتی مافی کولتوور و زمان، بەتایبەتی لە سەردەمی حکومەتی نوێدا زۆر بە روونی ئەمە بەدی دەکرێت و لە دەستووریش ئاماژەی پێکراوە.
رووداو: هەنگاوەکانی داهاتوو چین بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؟ میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دامەزراوەکانی حکومەت چۆنە؟
حەمزە مستەفا: ئەو رێککەوتنەی لە دیمەشق لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا، تاوەکو ئێستا مەرجەع و سەرچاوە هەموو لێکتێگەیشتنەکانە. حکومەتیش تەواوی پابەندییەکانی لەم رێککەوتنەدا لە ئەستۆ گرتووە و جێبەجێی کردوون. پێویستە بەهەمان شێوە هێزەکانی سووریای دیموکراتیش پابەند بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کەیسە جیاوازەکان.