رێکخراوی ئەمنیستی: هێشتا دیموکراسی نوێ لە سووریا کەموکورتی تێدایە

30-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ناسراو بە ئەمنیستی، رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەنگاویان ناوە بۆ نیشاندانی پابەندبوون بە چاکسازی و دادپەروەری لە پرۆسەی راگوزەریی سیاسی و سەقامگیربوونی وڵاتەکەدا، بەڵام هێشتا پرۆسەی دیموکراسیی سووریای نوێ کەموکورتی تێدایە.
 
ساڵێک پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریای کرد. لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: داڕشتنی پلانی چاکسازیی یاسایی لە پەرلەمان و پێکهێنانی کۆمیتەکانی دادپەروەری لە قۆناخی راگوزەریی سیاسی و پێشوازیکردن لە گرووپە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و شارەزایانی دیکە، نیشانەی گۆڕانکارین لە سووریای نوێ دا.
 
کالامارد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لەبارەی سووریای نوێ دەڵێت: "هەموو ئەو هەنگاوانە ئاماژەی زۆر باشن، بەڵام زۆر قووڵ نین."
 
دوای رووخانی ئەسەد، ئێستا وڵات بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بەڕێوەدەچێت، بەڵام وڵاتەکە لەماوەی 12 مانگی رابردوودا هەر بە ناسەقامگیری ماوەتەوە.
 
لەماوەی ساڵی رابردوودا، هێزەکانی سەر بە حکومەت تۆمەتبارکراون بەوەی رۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی تووندوتیژیی تایەفەگەری دژ بە پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا وەکو: دروز و عەلەوییەکان لە ناوچە کەنارییەکانی رۆژئاوای سووریا و پارێزگای سوەیدا لە باشووری وڵات، کە بە سەتان کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی باشووری سووریا دژی دروزەکان، هەروەها دادگاییکردنی ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت دەستیان هەبووبێت لە تووندوتیژییەکانی مانگی ئازار دژی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریا، کە هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد.
 
لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سەردەمی ئەسەد دەستگیرکراون و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دادگایی بکرێن لەسەر تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کە دەیان ساڵە لەو وڵاتەدا کراون.
 
سکرتێری گشتیی ئەمنیستی رایگەیاند، بەرپرسانی سووریا و وەزیری دادی ئەمریکاش پێیانڕاگەیاندووە، سەتان کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی بەرپرس بوون لەسەردەمی رژێمی ئەسەد و پێشێلکارییان کردووە.
 
ئەو دەڵێت: "وادیارە پرۆسەیەک هەیە کە بەمزووانە تۆمەتەکان ئامادە دەکرێن و تۆمەتبارانیش دادگایی دەکرێن."
 
ئاگنێس کالامارد ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی دادپەروەری لە قۆناغی راگوزەریی سیاسی و کۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ بێسەروشوێنان گفتوگۆی کردووە، لەبارەی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە زیندانەکانی سەردەمی رژێمی ئەسەد و گوتیشی: "ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و پرۆسەیەکی درێژ و هێواشە."
 
ئەو گوتیشی: "بە پێچەوانەی ئۆکراینا کە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا تیمێکی شارەزایانیان پێکهێناوە بۆ پاڵپشتیکردن لە دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان، بەڵام هیچ شتێکی لەوجۆرە لە سووریا رووینەداوە، بۆیە پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت."
 
کالامارد دەڵێ: "ئێمە بەڕاستی ئێستا پێویستمان بەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببینین، هەنگاوی زیاتر و متمانەی زیاتر پێشان بدات و گوێ لە هاواری گۆڕانکاریی خەڵکی سووریا بگرێت."
 
هەروەها گوتیشی: "سەرەڕای نەبوونی هەنگاوێکی لەوشێوەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، چەند رێکخراوێکی بچووکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو جۆرە بەڵگانەیان لە سووریا پێشکێش کردووە."
 
ئەو گوتی: "تێڕوانینی من دوای ئەو سەردانە کورتە ئەوەیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کێشەی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات. پێموایە ژمارەیەکی زۆر کەم لە وڵاتان ئامادەن ئەو هەنگاوە بنێن و راشکاو بن."
 
کالامارد گوتی: "بەبێ ئەو پاڵپشتییە، نازانم ئایا ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە، بەردەوام دەبێت یان نا."
 
مانگی رابردوو، سووریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە دوای رووخانی ئەسەدەوە ئەنجامدا، بەڵام هیچ دەنگدانێکی راستەوخۆی جەماوەری لە هەڵبژاردنەکاندا نەبوو. بەڵکو دوو لەسەر سێی 210 کورسیی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سووریا لەڕێگەی کۆلێژی هەڵبژاردنی پارێزگاکانەوە هەڵدەبژێردرێن و کورسییەکانیش بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەش دەکرێن و یەک لەسەر سێی کورسییەکان راستەوخۆ لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن.
 
بڕیارە پەرلەمانی نوێ بۆ ماوەی 30 مانگ خزمەت بکات و لەوماوەیەشدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە