رووداو - هەولێر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گرنگن. دەشڵێت، هەسەدە پشتگیری لە میکانیزمە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکات. لە راگەیێندراوێکدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، لەگەڵ هەسەدەدا 225 چەکداری داعشیان لەماوەی 4 مانگی رابردوودا دەستگیرکردوون، هەروەها 2 تۆن تەقەمەنیشیان پووچەڵکردووەتەوە. ئێریک هیڵ، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت "هاوبەشەکانمان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قورس بۆ لەناوبردنی داعش و داهاتووییەکی بێ ئەو رێکخراوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن". هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەسەدە پشتگیری لە میکانیزمە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکات، ئەوەش بە لابردنی سەنگەرەکانی و کشاندنەوەی هێز و چەکە قورسەکانی لە سنووری تورکیا و سووریا. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەسەدە دەستکردن بە کشانەوەی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا - تورکیا) راگەیاند، لەنێویاندا سەرێکانی، ئەوەش دوای رێککەوتنی سەرەتایی واشنتن و ئەنقەرە لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام. تورکیا گومانی لە کشانەوەی هەسەدە لەو ناوچانە هەیە و دەڵێت، پێویستە دەبێ بە چاوی خۆیان کشانەوە هێز و چەکە قورسەکانی یەپەگە ببینن. خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، لەلایەن ئەمریکاوە زانیارییان لەبارەی کشانەوەی یەپەگە و هەڵگرتنی بەشێک لە سەنگەرەکان پێدراوە، بەڵام ئەو زانیارییانە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوە هەیە. گوتیشی "دەمانەوێ تەواوی ئەمانە بەڕوونی و بە چاوی خۆمان ببینین. دیدارەکانمان بەردەوامن".