وەزیرێکی پێشووی فەلەستین لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا

31-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلدا، وەزیری پێشووی کاروباری ئایینی لە غەززە کوژرا.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، میدیای فەرمیی فەلەستین و تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، یوسف سەلامە، وەزیری پێشووری کاروباری ئایینی لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر ماڵەکەی لە غەززە کوژرا.
 
هەروەک سەرچاوە فەرمییەکە باسیدەکات، هێرشەکە بۆ سەر کامپی پەنابەرانی مەغازی بووە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە.
تا ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر کوشتنی ئەو وەزیرە نەداوە.
 
یوسف سەلامەی تەمەن 68 ساڵ، پێشتر لە 2005 بۆ 2006 وەزیری کاروباری ئایینی دەسەڵاتی فەلەستین بووە و ماوەیەکیش پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەقسا بووە لە شاری قودس/ئۆرشەلیم.
 
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 627 کەس کوژراون کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە. 
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم، هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، نزیکەی هەزار و 140 ئیسرائیلی کوژران، کە زۆربەیان، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بوون. هەر لەو رۆژەدا نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران و بردرانە غەززە.
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لەلایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، چەکدارانی فەلەستینی نزیکەی 250 ئیسرائیلییان بە بارمتە گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 129ـیان هێشتا لە غەززەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە