ئێران تورکیا تۆمەتبار دەکات بە فەرامۆشکردنی مەترسییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا

01-03-2025
جەعفەر موبەشرنیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا دا کە سیاسەتی ئێرانی لە ناوچەکە بە "هەڵە" زانیبوو، رایدەگەیێنێت، ئێران لەسەر هەڵوێستی بنچینەیی خۆی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نەبینینی دەستە ئاشکرا و شاراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا هەڵەیەکی گەورەیە.
 
بەقایی دەڵێت، بە قسەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ناوچەکە نابێت بکەوێتە ژێر هەژموونی وڵاتێک، ئەمەیان روونە، "بەڵام ناوچەکە دەبێت لە زاڵبوونی کولتووریی یەک وڵات بەسەر ئەوانی دیکەدا رزگاری ببێت. نە عەرەب، نە تورک، نە کورد و نە ئێرانییەکان نابێت بەدوای خۆسەپاندن بەسەر ئەوانی دیکەدا بن و ببنە هەڕەشە لەسەریان. ئەی بۆ باسی ئیسرائیل ناکات؟"
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی جەزیرە لە دوو رۆژی رابردوودا، ئاماژەی بەوە کردبوو، "سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا هەڵەیە، لەوانەیە هەندێک جار دەستکەوتی هەبووبێت، بەڵام لە درێژماوەدا تێچووی زۆری بۆ ئێران و ناوچەکە هەیە."
 
هەروەها فیدان گوتبووی، ئێران بە پشتیوانیکردن لە گرووپە چەکدارەکان سیاسەتی ناوچەیی خۆی بەڕێوەبردووە، ئەو سیاسەتی بەڕێوەبردنەش مەترسیی گەورەی هەیە کە ئێران بۆ سەرکەوتنەکانی لە عێراق و سووریا، "ناچار بووە تێچووی زیاتر بدات."
 
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئیسرائیل ئێستا گرنگترین سەرچاوەی ئاوی سووریای کۆنترۆڵ کردووە، بەردەوامیش یەکێتیی خاک و سەروەریی ئەو وڵاتەی پێشێل کردووە، "ئەمەش دەستکەوتی سیاسەتێکی هەڵەیە بۆ خەڵکی سووریا، فەلەستین و هەموو ناوچەکە."
 
لە کۆتایی هەفتەی رابردوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازی ئاشتی راگەیاند و داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
ئیسماعیل بەقایی دەڵێت، "ئێمە یەکەم وڵات بووین دژایەتیی کودەتای 2016ی تورکیامان کرد و رووبەڕووی بووینەوە، یەکەم وڵات بووین پێشوازیمان لە بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاسایشی تورکیای وڵاتی دراوسێمان زانی."
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەیدا، هاکان فیدان باسی ئەوەی کرد، بە ئێرانی گوتووە کە دەبێت ئەو سیاسەتەیان بگۆڕن، چونکە لە درێژمەودادا لەڕووی ژێرخانەوە بۆ ئێران و ناوچەکەش بارێکی قورس دەبێت.
 
هەروەها بەقایی ئەوەشی گوتووە کە ئێران لەسەر هەڵوێستی بنچینەیی خۆی بە جێگیری دەمێنێتەوە، "نەوەک هەر رۆژێ لە سیاسەتێکەوە بۆ سیاسەتێکی دیکە هەڵوێست بگۆڕێت."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لە قۆناخی نوێدا گۆڕانکارییەکان وانەیەکی گەورەیان پێشانی ئێران داوە، "دەبێت هاوئاهەنگی لە ناوچەکەدا پەرەپێبدەین و لەسەر هەڵەکانی رابردوو بەردەوام نەبین."
 
هاکان فیدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی بە ئێران گوتبوو، "ئەگەر لە وڵاتێکدا بە پشتیوانیکردن لە گرووپێک بەدوای دروستکردنی نائارامی بن، وڵاتانی دیکەش بە پشتیوانی لە گرووپەکانی نێو وڵاتی ئێوە نائارامتان دەکەن. واتە لە جیهانی ئێستادا هیچ شتێک شاراوە نییە. ئەو توانایەی ئێوە هەتانە، خەڵکیش هەیەتی. لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر دەتانەوێت بەرد نەگرنە شووشەتان، ئێوەش بەرد مەگرنە شووشەی ئەوانی دیکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە