لە دەستووری ئێران دا پێشبینیی کوژرانی رێبەر نەکراوە، رێبەر چۆن دیاری دەکرێت؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی مادەی 107ـی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتەوە دەستنیشان دەکرێت و، هەر ئەو ئەنجوومەنەش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەسەر کار لایبدات. ئەو کەسەی دەبێتە رێبەر، دەبێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبێنێ.
 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 کەس پێکدێت. هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کەسی ئایینین و بە ناوی نوێنەرایەتیی پارێزگاکان هەڵبژێردراون. هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی، یەک یان زیاتر لە یەک کورسی هەیە. پارێزگای تاران بە 16 کورسی، خۆراسانی رەزەوی و خوزستان بە شەش کورسی و ئیسفەهان، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و فارس بە پێنج کورسی، زیاترین کورسییان لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
ئەو کەسانە دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران کە شیاوبوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران پەسندکرابێت. نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادەنرێن؟
 
گرنگترین دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
 
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و ئیداریی ئێرانە و زیاترین دەسەڵاتی هەیە. بەپێی مادەی 110ـی دەستووری ئەو وڵاتە، گرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەمانەن: 
 
- سیاسەتە گشتییەکانی ئێران بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دادەنێت و چاودێری جێبەجێکردنیان دەکات.
- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە.
- دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی هەیە.
- دەسەڵاتی راگەیاندنی شەڕ و ئاگربەستی هەیە.
- دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لەژێر دەسەڵاتی رێبەردان.
- کێشە و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری چارەسەر دەکات.
- فەرمانی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەردەکات و دەتوانێ لەسەر کار لایبدات.
- سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەستنیشان دەکات.
- دەسەڵاتی دەستنیشانکردن و لادانی تەواوی فەرماندە سەربازییەکانی هەیە.
- نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەستنیشان دەکات.
- سەرۆکی رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەستنیشان دەکات.
- سەرۆک و ئەندامانی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات.
- بەرپرسی رێکخراوەکانی ئەوقاف، حەج و زیارەت، کولتوور و دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامان دادەنێت.
- سەرۆک و بەڕێوەبەری 16 دامەزراوە و ناوەندی ئایینی، ئابووری و کولتووری دادەنێت.
- دەسەڵاتی تەواوی بەسەر جومگە سەرەکییە ئابوورییەکاندا هەیە.
- دەتوانێ بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ سزادراوان دەربکات.
 
تایبەتمەندییەکانی رێبەر
 
لە مادەی 109ـی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران دا سێ مەرج و تایبەتمەندی سەرەکی بۆ رێبەر دیاریکراون. ئەو مەرجانە بریتین لە:
 
- شارەزایی ئایینی پێویستی لە هەموو بوارە فیقهییەکاندا هەبێت.
- دادپەروەری و باوەڕی پێویستی هەبێت بۆ رێبەریکردنی ئوممەتی ئیسلامی.
- توانای بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبێ و لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا شارەزابێت.
 
لە مادەی 111ـی دەستووری ئێران دا هاتووە، هەرکات رێبەر نەتوانێ ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت یان مەرجەکانی رێبەریی تێدا نەمێنێت، لەسەرکار لادەدرێت. لەو مادە دەستوورییەدا پێشبینی کوژرانی رێبەر نەکراوە و ئاماژە بەوە کراوە، لە ئەگەری کۆچی دوایی یان دەستلەکارکێشانەوەی رێبەر، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە دەبێت لە زووترین کات دا رێبەری نوێ هەڵبژێرێت.
 
لەو مادە یاساییەدا هاتووە، تاوەکو رێبەری نوێ هەڵدەبژێردرێت، ئەنجوومەنێکی پێکهاتوو لە سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و یەکێک لە شارەزایانی فیقهیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران (بە دەنگی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دیاری دەکرێت)، هەموو ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. وێنە: AFP

راپۆرتێک: پێشتر خامنەیی سێ کەسی وەک جێگرەوەی خۆی دەستنیشان کردووە

خامنەیی هەر یەک لە غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران؛ عەلی ئەسغەر حیجازی، بەرپرسی نووسینگەکەی، هەروەها حەسەن خومەینی، نەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی، وەک جێگرەوەی خۆی دەستنیشان کردووە