هێرشکرایە سەر ماڵی کەمال خەرازی؛ هاوژینەکەی کوژرا و خۆیشی بریندارە
رووداو دیجیتاڵ
کەمێک پێش ئێستا هێرشکرایە سەر ماڵی کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەو هێرشەدا هاوژینی خەرازی گیانی لەدەستداوە و خۆشی بە سەختی بریندار بووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە هێرشەکە ماڵی کەمال خەرازی کراوەتە ئامانج، کە یەکێکە لە سیاسەتڤانە هەرە دیار و دەستڕۆیشتووەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
خەرازی تەنیا سەرۆکی ئەنجوومەنێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو هاوکات راوێژکاری رێبەری باڵای ئێرانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیشە.
کەمال خەرازی، مێژووییەکی دوور و درێژی لە کایەی سیاسی و دیپلۆماسیی ئێراندا هەیە. ناوبراو لە ساڵانی 1997 تاوەکو 2005، لە کابینەکەی محەمەد خاتەمی وەزیری دەرەوەی ئێران بووە. پێش ئەوەش بۆ ماوەی هەشت ساڵ 1989-1997) باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی وڵاتەکەی بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئێران وردەکاریی شێوازی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە، هەروەها بارودۆخی تەندروستی خەرازی بە "سەخت" وەسف دەکرێت.