رووداو دیجیتاڵ
کردنە ئامانجی بارەگا و فەرماندەییە سەربازییەکان، بەرپرسان و بنکە مووشەکییەکانی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە. رۆژی دووشەممە 2ـی ئادار، بە فڕۆکە و مووشەک و درۆن دەیان شوێن کراونەتە ئامانج و زیاترین هێرشەکان لە تاران بوون.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ئەمڕۆ دووشەممە باڵەخانەی فەرماندەیی هێزی پۆلیسی ئێران لە تاران و دەیان بنکە و شوێن لە (ناوچەی مەرزداران) و گەڕەکی لەویزان لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران، گۆڕەپانی فیرۆدسی، گۆڕەپانی 11ـی نارمەک، شەقامەکانی موتەهەری، شەریعەتی، شەقامی تورکمانستان، شەقامی سمنان، هەروەها شارۆچکەی وەلیعەسر، چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای شارەکە بە تایبەت دەوروبەری شەقامی (ئەشرەفی ئیسفەهانی)، گەڕەکەکانی (شەهرزیبا) و (شەهران) لە داوێنی زنجیرە چیای ئەلبورز، گۆڕەپانی سوپا لە باکوور و (سێڕیانی زەرابخانە) لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران و گەڕەکی ئاراج لە باکووری تاران کراونەتە ئامانج. لە گەڕەکی نارمەکیش باڵەخانەیەکی سوپای پاسداران بۆردوومان کرا.
میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، بەشێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکراون، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیلن و زۆر کەس لە خەڵکی سیڤیل بوونەتە قوربانی.
چەند باڵەخانەیەک لە شەقامی (سپەهبۆد قەرەنی) لە ناوچەی یەک و نێوەڕاستی تارانیش بۆردوومانکران. میدیا فەرمییەکانی ئێران کرانە ئامانجی ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی دیپلۆماتیکی ئێران لەو شەقامەی پشتڕاستکردووەتەوە. ئەو بەشەی پۆلیس، بەرپرسی دابینکردنی ئاسایشی نوێنەرایەتیی وڵاتان و پارێزگاریکردن لە باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی بیانییە لە ئێران دا. رێکخراوی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران و نووسینگەی ژمارەیەک کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکە کە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئێران کاردەکەن لەو شەقامەن.
باڵەخانەی ناوەندی فریاکەوتنی تارانیش کرایە ئامانج. گوتەبێژی ئەو دەزگایە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و فەرمانبەرانی ناوەندەکە برینداربوون.
لە دەوروبەری تارانیش، بنکەیەکی سەربازی لە نزیک گوندی (بیدگنە)ی سەر بە (شاری مەلاردی) پارێزگای تاران، هەروەها کۆگە و شارۆچکەی پیشەسازیی (ناوچەی فەشافویە)ی سەر بە شاری (رێ)ی و هەروەها قایمقامییەتی شاری رێی لە پارێزگای تاران بۆردوومانکران. ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێت، وێستگەی سەرەکیی کارەبای فەشافویە کراوەتە ئامانج و بووەتە هۆی بڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچەی تاران.
هەروەها بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بیستراوە لە نزیک شاری ئیسفەهان. بنکەی هەشتەمی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئێرانیش لە نزیک ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەیە و ئەوێش بۆردوومانکراوە. یەکێک لە گەورەترین سیستمە مووشەکییەکانی ئێران و هەروەها بنکەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەو بنکەیەی ئەرتەش دایە.
بەیانیی دووشەممە چەندین جار دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەنێو شار و دەوروبەری تەورێزیش بیستراوە. هەروەها بڵاوکراوەتەوە، (بنکەی مووشەکیی ئەمەند) لە نزیک شاری سوفیان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتیش ئەمڕۆ بۆردوومانکراوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە چەند تەقینەوەی بەهێز لە باشووری شاری کەرەج لە پارێزگای ئەلبورز روویاندا. هەروەها بنکە سەربازییەکانی گەرمدەرە، مەلارد و فەردیسی کەرەجیش جارێکی دیکە کراونەتەوە ئامانج.
لەنێو شار و دەوروبەری هەمەدان چەندین شوێن کراونەتە ئامانج. یەکێک لەو شوێنانەی لە هەمەدان بۆردوومان کراوە، سەربازگەی (ئەبوزەر)ـی سەر بە هێزی پیادەی ئەرتەشی ئێرانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، ماڵی فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای هەمەدانیش بۆردوومان کراوە. هەروەها لە شاری نەهاوەندی ئەو پارێزگایە، لە بنکەیەکی سەربازی دراوە.
رۆژی دووشەممە، سەربازگەی سوپای پاسداران لە بەندەری ماهشەهری پارێزگای خوزستان کە بە سەربازگەی ناوچەی سێ ناسراوە، چەند جار بۆردوومان کرا. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی دووشەممە بە درۆن چەند شوێنێک لە نزیک نەخۆشخانەی (ئەبوزەر)ـی نێوشاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان کراونەتە ئامانج.
هەر لە پارێزگای خوزستان، سەربازگەکانی (گوردانی 115ـی بەیتولموقەدەس، حەبیبوڵڵا و کۆگەی تەقەمەنیی سوپای پاسداران) و بنکە مووشەکییەکانی (مەلاشیە و ئیمام حەسەن) لە شارەکانی ئەهواز، خوڕەمشار و ئەندیمێشک کرانە ئامانج. لە نزیک شاری ئابادانیش، کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی بۆ دروستکردنی درۆن کرایە ئامانج.
ئاژانسەکانی ئێران لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، لە بەندەری جاسک لە پارێزگای هورموزگانی باشووری ئەو وڵاتە، بنکەیەکی پاسەوانیی سنووری دەریایی کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک لە هێزەکانی نێو بنکەکە کوژراون.
لە شارەکانی ماهشەهر و بەستەکی ئەو پارێزگایەش چەندین بنکەی سەربازی و ئەمنی، بەتایبەت بنکەکانی هێزی دەریایی سوپا و ئەرتەشی ئێران کراونەتە ئامانج. هەروەها کردنە ئامانجی فڕۆکەخانە و بارەگا سەربازییەکان لە دوورگەی کیش بۆ چەندەمین جار لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، بەردەوام بوو.
ناوەندە سەربازییەکان لە (ئەسکەلەی باهونەر) لە شاری بەندەر عەباسی هورموزگانیش ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆردوومان کرانەوە.
لەنێو شارەکانی شیراز، یەزد، کرمان، ئەردەبیل، ئەراک و زەنجانیش چەندین شوێن بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی لە کرمان بۆردوومان کراوە، بنکەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانە. لە ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەرکەزیش باڵەخانەی یەکەی تایبەتی پۆلیس کراوەتە ئامانج.
حکومەتی ئێران بەردەوام ئاماری قوربانیان بڵاوناکاتەوە. بەپێی ئاماری گوتەبێژی مانگی سووری ئێران کە پێش نیوەڕۆی دووشەممە بڵاویکردەوە، 555 کەس لەو وڵاتە کوژراون.
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە چەندین شوێن لە 131 شاری ئێران. لە هەموو ئێران 483 شار هەیە. شارەکان قایمقامیەتیان هەیە و هەر شارێک لە ناوەندی شار، یەک یان چەند شارۆچکە و ژمارەیەک گوند لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ