پۆلیسی ئێران: لە مانگێکدا دەست بەسەر زیاتر لە 1300 ئۆتۆمبێلی "قاچاخ"ـدا گیراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاڵای قاچاخ، لە مانگی رابردوودا دەستیان بەسەر هەزار و 316 ئۆتۆمبێلی قاچاخدا گرتووە کە لەو وڵاتە بە (خودرەو شووتی) ناسراوە.
 
رۆژی شەممە، سەردار رەحیمی، سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران رایگەیاند، تەنیا لە مانگی خاکەلێوەی ئەم ساڵدا (21ـی ئادار تا 20ـی نیسان)، هێزەکانیان لە سەرانسەری وڵاتدا هەڵمەتێکی فراوانیان دژی ئۆتۆمبێلە قاچاخەکان کردووە.
 
سەردار رەحیمی گوتی، "ئۆتۆمبێلە قاچاخەکان بە شێوازی جیاواز ئاسایشی کۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە"، هەر بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە یەکێکە لە کارە لەپێشینە و بەردەوامەکانی پۆلیس و بە گوتەی ئەو، "داواکارییەکی جەماوەرییە".
 
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ئابووری، لەو ماوەیەدا چوار هەزار و 838 دۆسیە بۆ تۆمەتبارانی بواری قاچاخیی کاڵا و دراو کراوەتەوە. 
 
رەحیمی ئاماژەی بەوەش کرد، تووندکردنەوەی رێکارەکان بەرامبەر قاچاخ بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی "ئابووریی خۆڕاگرە".
 
بە گوتەی سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی ئابووریی ئێران، ئۆتۆمبێلە قاچاخەکان کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری ئێران کار دەکەن، بەهۆی خێراییەکی زۆر و گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، بەردەوام لەژێر چاودێریی تووندی هێزە ئەمنییەکاندان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە