ئێران: بەرنامەی ئەتۆمیمان بە بۆردوومان لەناوناچێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە بۆردوومان لەناوناچێت و بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووی تەمموزی 2025، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی باسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و رایگەیاند، "هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان پێشێلکردنی روونی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
محەممەد ئیسلامی گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە ئێران کردیان، گورزێک بوو لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشانی دا کە یاسای دارستان لەم جیهانەدا زاڵە و ئەگەر دەسەڵاتدار نەبیت ناتوانیت درێژە بە ژیانت بدەیت. میللەتی ئێران باش لەم بابەتە تێگەیشت."
 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رەتیکردەوە، بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بە بۆردوومان لەناوبچێت و گوتی: "پیشەسازی ئەتۆمی شتێک نییە کە بە بۆردوومان لەناوبچێت. لەبەر ئەوەی پیشەسازییەکە و تەکنەلۆژیاکە خۆماڵییە." گوتیشی بەرنامەکەیان "بە شێوەیەکی بەهێزتر" بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئەویش وەڵامی دایەوە. جەنگەکە 12 رۆژی خایاند و لەو ماوەیە چەندین ناوەنی ئەتۆمی و بنکەی سەربازیی ئێران کرانە ئامانج. 
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان لەنێوبردووە، بەڵام ئێران دەڵێت بەر لە ‌هێرشەکە یۆرانیۆمی بنکە ئەتۆمییەکانیان گواستووەتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدا، ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە دەرکردنی بڕیارێک یاسای هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خستە واری جێبەجێکردنەوە کە لە 25 حوزەیراندا لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسندکرابوو.
 
بەپێی یاساکە، تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە گەرەنتی نەکرێت، رێگە نادرێت پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن. 
 
تاران لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناڕازییە و پێیوایە، "هەڵوێستە نادروستەکانی رێکخراوەکە" بوونەتە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران.