وەزیری وزەی ئێران: بەشێک لە بەڵێندەرانی بیانی ئێرانیان جێهێشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، بەشێک لە بەڵێندەرانی بیانی ئێرانیان جێهێشتووە و ئەوەش کاریگەریی خۆی هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران بانگهێشتی پەرلەمان کرا بۆئەوەی وەڵامی پەرلەمانتاران لەبارەی کەمیی ئاو و کارەبا بداتەوە.
 
وەزیری وزەی ئێران گوتی، "کۆمەڵێک کێشە رووبەڕووی حکومەت بوونەتەوە. بۆ نموونە، بەشێک لە بەڵێندەرانی بیانی بەم دواییە ئێرانیان جێهێشتووە، ئەوەش وایکردووە نەتوانرێت کەڵک لە بەشێک لە توانای وێستگەکانی کارەبا وەربگیرێت."
 
عەباس عەلی ئابادی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە هەمووتان دەزانن، بیانییەکان وڵاتی ئێمەیان جێهێشتووە، تەنانەت چینییەکانیش ئێرانیان جێهێشتووە، لە ئەنجامدا زۆرێک لە وێستگەکانی کارەبا و تواناکانی وڵاتەکەمان بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی پەیوەندیدارەوە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە."
 
عەباس عەلی ئابادی گوتیشی، "هەرچەندە نابێت ئەوە لێرە باس بکرێت، بەڵام دووژمن بەشێک لە بۆرییەکانی گازی تێکداوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر پێویستن."
 
بەهۆی کەمی ئاو و کێشەی کارەبا لە رۆژە گەرمەکانی ئەم ساڵدا چەندین جار لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشوو راگەیێندرا.