پزیشکیان: بڕیارم داوە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، فەرمانی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران رێگە بۆ دانوستاندنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا خۆش بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بڕیاری داوە ئامادەکاریی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکرێت.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی راسپاردووە، زەمینە بۆ دانوستاندنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا خۆش بکات، بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران یەک بگرێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "لە ژێر رۆشنایی داواکاریی حکومەتە دۆستەکانی ناوچەکە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندن، فەرمانم بە وەزیری دەرەوە کردووە، ئەگەر کەشێکی گونجاو و دوور لە هەڕەشە و چاوەڕوانیی نالۆژیکی هەبێت، زەوینەی دانوستاندنێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای شکۆ، حیکمەت و بەرژەوەندی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دابین بکات."
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە تاران، بوونی جووڵەیەکی نوێی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "پرۆسەیەکی دیپلۆماسی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردووە."
بەقایی گوتی: "چەندینجار پەیام گۆڕینەوە هەبووە؛ لەم قۆناخەدا خەریکی هەڵسەنگاندن و بڕیاردانین لەبارەی وردەکارییەکانی ئەو پرۆسە دیپلۆماسییەی دەستیپێکردووە و هیوادارین لە رۆژانی داهاتوودا بگاتە ئەنجام."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە کرد لەو پرۆسەیەدا و رایگەیاند، لەم رۆژانەدا بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە هەوڵەکانیان زیاتر کردووە و بەردەوام لە پەیوەندیدابوون.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی گفتوگۆکان، ئیسماعیل بەقایی هێڵی سووری وڵاتەکەی دیاریکرد و گوتی: "تاران تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستاندن دەکات و جگە لەو پرسە، لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە ئامادە نین گفتوگۆ بکەین."
دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمیی تاران و واشنتن لە کاتێکدا دەبێت، کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندن، هەڕەشەی هێرشکردن دەکات.