ئێران
ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کەرتی وزە لە ئێران بۆ یەکەم جار وردەکاریی ئەو زیانانە ئاشکرا دەکەن کە لە ئەنجامی هێرشەکانی "ئیسرائیل-ئەمریکا" بەر ژێرخانی کارەبای تاران کەوتوون. جێگری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تارانی گەورە رایگەیاند، زیاتر لە نیوەی هێرشەکانی بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای تاران بووە و ئامانج لێی "تاریککردنی پایتەخت" بووە.
عەلی رەزا رەزایی، جێگری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار رایگەیاندبوو، ئامانجیان وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە بۆ ئەوەی ترسی دەروونی بخەنە ناو خێزانەکان، بەڵام تیمەکانمان نەیانهێشت تاران لە تاریکیدا بمێنێتەوە."
بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسە، لە دوای هێرش بۆ سەر وێستگەی کارەبای "شوهەدا"، توانیویانە لە کەمتر لە دوو کاژێردا کارەبای ناوچەکە و لە کەمتر لە نیو کاژێردا کارەبای نەخۆشخانەکان بگەڕێننەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر کارەبای رۆژهەڵاتی تاران، پێنجیەکی پایتەخت کوژایەوە، بەڵام رێگرییان لە پەککەوتنی تەواوەتی ژێرخانەکە کرد.
لە کاتێکدا تاران خەریکی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبایە، ئیسلامئاباد وەک نێوەندگیرێکی "خاوەن بەرژەوەندی" دەردەکەوێت. پاکستان کە خۆی بە دەست قەیرانی وزەوە دەناڵێنێت و چاوی لە گاز و کارەبای ئێرانە، ترسی هەیە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، پرۆژە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەک بخات.
پاکستان پەیامێکی تووندی بۆ واشنتن ناردووە کە تێکدانی ژێرخانی مەدەنیی ئێران دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری لە تەواوی ناوچەکە و پرۆسەی نێوەندگیرییەکە پەک دەخات.
ئێستا پاکستان هەوڵدەدات جۆرێک لە "تێگەیشتنی ناڕاستەوخۆ" دروست بکات بۆ دوورخستنەوەی کەرتی وزە و مەدەنی لە ململانێ سەربازییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ