ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی وڵاتەکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی (ئەنجوومەنی بەرگریی وڵات) لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پەسندکرا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات.
شەوی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئەو وڵاتەی راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە سەر بنەمای مادەی 176ی دەستووری وڵاتەکە دراوە و ئەرکەکەی تاوتوێکردنی پلانە بەرگرییەکان و بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران و بڕیاردان لەسەریانە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە لە لایەن سەرۆککۆمارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسانی ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەندام دەبن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی تەسنیم کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکە، شێوازی پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە پەسندکراوە و سەرۆککۆماری ئێران سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات و کەسێک لەنێو هێزە چەکدارەکان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە وەک سکرتێری ئەنجوومەنەکە دەستنیشان دەکرێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، دوو نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، فەرماندەی گشتی سوپای ئێران و فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە ئەنجوومەنی بەرگریی ئێراندا ئەندام دەبن.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران و لە وەڵامی ناڕەزایی پەرلەمانتارێکی تاران لەبارەی باسنەکردن لە پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە لە پەرلەمان، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی لەلایەن عەلی خامنەییەوە و پەرلەمان ناتوانێ رۆڵی تێیدا هەبێت.
رۆژی 2ی ئابی 2025، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات دەکرێن، ئەنجوومەنی بەرگریی وڵات پێکدەهێندرێت و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.
بە پێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجومەنی بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت. لە مادەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجومەنە لاوەکییەکان یان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.