رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵگەی پیترۆکیمیایی مەعشوور لە ئەهواز، کە نزیکەی 70%ی بەنزینی ئێران دابین دەکات، کرایە ئامانج و بۆردوومان کرا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 4ی نیسانی 2026 کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی مەعشوور بۆردوومان کرا. ناوچەکە بە دڵی ئابووری و کەرتی نەوتی ئێرانی دادەنرێ.
کۆمەڵگەی مەعشوور جگە لە بەنزین، چەندین بەرهەمی دیکەی جۆراوجۆری نەوتی بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەرهەمدێنێت. بەشێکی پێداویستییە سووتەمەنییەکانی ئەو وڵاتە لەم کۆمەڵگەیەوە دابین دەکرێن.
لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی سەر پێترۆکیمیاییەکان، محەممەدڕەزا مەوالیزادە، پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێک چەند یەکەیەکی پترۆکیمیایی لە سنووری پارێزگاکەی کراونەتە ئامانج و گوتی: "ئەو دووکەڵەی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە ژەهراوی نییە و مەترسی بۆ سەر خەڵک نییە."
محەممەدڕەزا مەوالیزادە گوتیشی: "دووژمنانی وڵاتەکەمان چەند یەکەیەکی پیشەسازییان بە مووشەک کردوەتە ئامانج، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە بە خێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن."
کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی مەعشوور (ماهشەهر) لە پارێزگای خوزستان بە گەورەترین ناوەندی پیشەسازیی پترۆکیمیا لە ئێران و یەکێک لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی سووتەمەنی و داهاتی هەناردەی ئەو وڵاتەدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ