رووداو دیجیتاڵ
دوای زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕ، پەیوەندییە گشتییەکانی لیژنەی بەڕێوەبردنی دۆخی نائاسایی، ناوچەی تایبەتی ئابووریی پترۆکیمیای ماهشەهر، چۆڵکردنی سەرجەم یەکە پیشەسازییەکانی راگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نوێی پەیوەندییە گشتییەکانی ناوچەکە، بڕیاری چۆڵکردنی تەواوی کارمەند و هێزەکانی ناو سەرجەم یەکە پیشەسازییە چالاکەکان دراوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە کاتژمێر 10:47 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 04-04-2026، سێ تەقینەوەی بەهێز ناوچە پیشەسازییەکانی ئەو شارەی هەژاند.
پەیوەندییە گشتییەکانی لیژنەی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناکاوی ناوچەی تایبەتی ئابووریی پترۆکیمیا لە ماهشەهر پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "داوا لە خێزانی کارمەندان دەکەین نیگەران نەبن، بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. ئەو رووداوانەی لە ناوچە پیشەسازییەکە روویانداوە، هیچ مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیانی ناو شارەکە دروست ناکەن."
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانیان کراوە ئارامیی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە بەدواکەوتنی دەنگۆکان بەدوور بگرن، بەڵکو تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان و راگەیاندنی ناوچەی تایبەتی ئابووریی پترۆکیمیا ببەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ